رووسیا داوای دانبەخۆداگرتنی تورکیا لە سووریا دەکات

‌هێزەکانی تورکیا لەناو خاکی سووریا - ئەرشیف
‌هێزەکانی تورکیا لەناو خاکی سووریا - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

رووسیا هیوادارە تورکیا دان بە خۆیدا بگرێت و "زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی هێزدا نەکات" لە سووریا ، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنقەرە هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە و هەڕەشەی دەستپێکردنی هێرشی زەمینی بۆ سەر باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەکات.

ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نێردەی تایبەتی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری سووریا لە ئاستانە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: هیوادارین هاوکارە تورکەکانمان رازی بکەین، لەسەر خاکی سووریا زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی هێز نەکەن بۆ ئەوەی "دوور بین لە پەرەسەندنی گرژییەکان".

نێردەی تایبەتی پوتن گوتیشی: رووسیا چەندین مانگە هەموو شتێکی کردووە، بۆئەوەی رێگری لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی گەورە بکات.

تورکیا رۆژی یەکشەممە (20ـی تشرینی دووەمی 2022) زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر خاکی باکووری سووریا و رۆژائاوا و باشووری کوردستان دەستپێکرد و، دوێنێ دووشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكکۆماری تورکیا، سەبارەت بەو هێرشانە رایگەیاند، هێرشه‌كانی سوپای توركیا "تەنیا لە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانییدا سنووردار نابن"، ئه‌گه‌ر پێویست بكات هێزی وشكانیش به‌شداری ده‌كات.

بەپێی راپۆرتی گرووپی چاودێری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، لانیکەم 37 کەس لە هێرشەکاندا کوژراون.