شەپۆلێکى بارانبارین تەواوى هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

بارانبارین - ئه‌رشیف
بارانبارین - ئه‌رشیف

K24 - هه‌ولێر:

کەشناسی رایگەیاند، شەپۆلێکى بارانبارین تەواوى ناوچە جیا جیاکانى هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەى رۆژى پێنجشەممە ئاسمانى هەرێمی كوردستان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور لە شەودا دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو، پاشان هاتنى کاریگەرى درێژبوونەوەى هەردوو نزمە پاڵە پەستۆى دەریاى سوور و دەریاى ناوەڕاست، سەرەتا نمە بارانى کەم دەبارێت لە بەرەبەیانى رۆژى هەینى کاریگەرى ئەم شەپۆلە زیاد دەکات تەواوى ناوچەکە دەکەوێتە ژێر شەپۆلى بارانبارین، بارانى مامناوەند و بارانى بە لێزمە دەبارێت لەگەڵ دروستبوونى هەورە تریشقە و بەفربارین لەسەر لوتکەى شاخە بەرزە سنوورییەکان لە ماوەى کاریگەرى ئەم شەپۆلە.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، رۆژى شەممە شەپۆلی بارانبارین بەردەوام دەبێت، نزمە پاڵە پەستۆى دەریاى ناوەڕاست کاریگەرى زیاد دەبێت و بارانى مامناوەند و لێزمە لە ناوچە جیاجیاکان دەبارێت. پلەکانى گەرما زیاتر روو لە نزمبوونەوە دەکات، بە نزیکەى (5-7) پلەى سیلیزى و رۆژى یەکشەممە کاریگەرى ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکە کۆتایى دێت.