مامۆستایانی ئایینی سنە داوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆم دەکەن

مامۆستایانی ئایینی سنە و دێگوڵان
مامۆستایانی ئایینی سنە و دێگوڵان

K24 – هەولێر

بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی و وتاربێژانی نوێژی هەینی سنە، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا چەند داوایەکیان خستەڕوو و یەک لەوانە، بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە ئێران و لە ژێر چاودێری ناوەندە نێودەوڵەتییەکانە.

مامۆستایانی ئایینی لەگەڵ ئاماژەدان بە دەستووری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی ئێران، رایانگەیاند، "دەمانەوێت بە بەشداری کەسانی باوەڕپێکراو، رێبەرانی ئایینی و نەتەوەیی و بەچاودێری ناوەندە نێودەوڵەتییە بێلایەنەکان و بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی ئێستا، ریفراندۆم بەڕێوەبچێت".

پێشتر مەولەوی عەبدولحەمید، وتارخوێنی نوێژی هەینیی زاهیدان لە باشووری ئێران، هاوکات لەگەڵ ئاماژەدان بە کوشتن و سەرکوتکردنی فراوانی خەڵک، داوایکرد بە چاودێری چاودێرە نێودەوڵەتییەکان، ریفراندۆم لە ئێران بەڕێوەبچێت.

ئەو داوایەی مەولەوی عەبدولحەمید کاردانەوەی توندی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لێکەوتەوە و رەتکرایەوە.

مامۆستایانی ئایینی سنە داوای ئازادکردنی بێمەرجی زیندانیانی ئەمدواییەی رووداوەکانی ئێرانیان کرد و لەبارەی بڕیاری لەسێدارەدانی خۆپێشاندەران هۆشداریان دا. ئەوان دەڵێن: ئەو کارە ترسناکە تەنیا رک و کینەی زیاتری خەڵکی شۆڕشگێڕی لێدەکەوێتەوە.

سەرەڕای هۆشداریی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، دەسەڵاتی دادوەری ئێران بە تۆمەتی "دژایەتی"، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆچەند خۆپێشاندەرێک دەرکردووە.

مامۆستایانی ئایینی سنە و دێگوڵان، هەروەها داوای دادگاییکردن و سزادانی هەموو ئەو کەسانەیان کرد کە دەستیان لە کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی خۆپێشاندەردا هەبووە.

ئەوان هاوکات لەگەڵ دووپاتکردنەوەی پشتگیری خۆیان لە خواست و داوای قوتابیان و خوێندکاران، رایدەگەیەنن، "بوونی هێزی سەرکوتکار لە قوتابخانە و زانکۆکان، پێچەوانەی دین و یاسا و رەوشت و دژ بە ویژدانی تەندروستی مرۆڤە."