فەرەنسا ئامادەیی خۆی بۆ هه‌ماهه‌نگی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا نیشاندا

وەزیری دارایی و ئابووری: گەشبینین بەوەی رێککەوتن لەنێوان حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا بکرێت

K24 – هەولێر

کۆنسولخانەی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، ئامادەیی بۆ هه‌ماهه‌نگی دانوستاندنەکان نێوان حکومەتەکانی هەولێر و بەغدای بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نێشاندا.

ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری، ئەمڕۆ (سێشەممە 22ـی تشرینی دووەم) لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە شاندی کونسولی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد و گفتوگۆ لەبارەی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا.

شاندی فەرەنسا لە (رودولف ریشالد) جێگرى کونسولی گشتی فەرەنسا لە هەولێر، (هوگو بوغیل) راوێژكارى دارایى بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و (كامى شابى) پاشکۆى ئابورى باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا، پێکهاتبوو.

ئامانجی سەردانەکە، ئاگاداربوون بوو لە دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا، سەبارەت بە گفتوگۆکردن لەبارەى پڕۆژە یاسای بودجەى 2023 و چارەسەرکردنى دۆسیەى نەوت و غاز.

لە دیدارێکدا، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وێرای بەخێرهاتنی شاندی میوان، سوپاسی حکومەتی فەرەنسای کرد کە هەمیشە و بەدرێژایی مێژوو پاڵپشتى پرسەکانی گەلی کورد بووە.

لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی و ئابووری گوتی: بەمزووانە بڕیارە سەردانی بەغدا بکەین بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتەکان و گەشبینین بەوەی رێکەوتن لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر کۆتاییهێنان بە کێشەکان، بکرێت.

لای خۆشیانەوە، شاندی میوان بە وەزیری دارایی و ئابووریان راگەیاند: ئامادەین هەماهەنگی دانوستاندنەکان بکەین بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.