پارتی ئازادی کوردستان: هێرشەکان زیانی گیانیان نەبووە

بۆردوومانکردنی بارەگاکانی پارتی ئازادی کوردستان لە پردێ
بۆردوومانکردنی بارەگاکانی پارتی ئازادی کوردستان لە پردێ

K24 – هەولێر

گوتەبێژی پارتی ئازادی كوردستان، وردەکاری نوێترین هێرشی مووشەکی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر ئەو پارتە لە پردێ ئاشکراکرد، هاوکات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پێش لەو هێرشانە بگرن. 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (سێشەممە 22ـی تشرینی دووەم) جارێکی دیکە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بارەگای پارتی ئازادی کوردستان کرا.

خەلیل نادری گوتەبێژی پارتی ئازادی كوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: تا ئێستا دیار نییە هێرشەکان بە مووشەک کراون یان فرۆکەی بێفرۆکەوان، ئێمە پێشتر ئەو شوێنانەمان چۆلکردوون و هەر بۆیە بەخۆشحاڵییەوە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە. 

ئەو، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پێش لەو هێرشانەی سوپای پاسدارانی ئێران بگرن.

لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوە، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان راگەیاند کە کەمپی نیشتەجێبوون خەڵکی سڤیلی چەند حزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستانی لێیە. 

لەو هێرشانەدا نزیک بە 20 کەس گیانیان لەدەستدا و سەرووی 60 کەسی دیکەش برینداربوون. 

ئەو هێرشانە کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، "هێچ بیانوویەک بۆ ئەو هێرشانە نییە". 

ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسی ئه‌منی له ‌ناوچه‌ سنووریيه‌كانی عێراق كرا و داكۆكى له‌ هاوكاریی نێوان هه‌ردوولا كرايه‌وه‌ بۆ پاراستنی سه‌روه‌ريی عێراق و ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌زاندنه‌ به‌رده‌وامه‌كان و كاركردن بۆ ئه‌‌وه‌ی خاكی عێراق نه‌بێته‌ پێگه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر هیچ وڵاتێكى دراوسێ.