لەبارەی بەکارهێنانی بتڵی غازهوه بەرگری شارستانی سلێمانی رێنمایی دەداتە هاووڵاتیان
K24 - سلێمانی:
بۆ دوورکەوتنەوە لە رووداوەکان، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی، داوا لە هاووڵاتییان دەکات، لەکاتی بەکارهێنانی بتڵی غازدا رێنماییەکانی تایبەت بە سەلامەتی جێبەجێبکەن و بتڵی غاز لە شوێنی کارکردن و داخراودا دانەنێن.
ئەمڕۆ سێشەممە (22ی تشرینی دووەمی 2022)، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی، رێنمایی لەبارهی بەکارهێنانی غازی ماڵان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، پێویستە بۆری و سۆندەی تایبەتی دژە سووتان بۆ گەیاندنی غاز بەکاربهێندرێت، کە بەرگەی پەستان بگرێت، ناشبێت سۆندەی غاز لە پشتی تەباخ و فڕنیدا دابنرێت.
ئاماژە بەوەشدراوە، نابێت بتڵی غاز لە شوێنی کارکردندا ههبێت، یان لە شوێنی سەرداخراو دابنرێت.
بەرگری شارستانی داواشدەکات، دوای بەکارهێنانی غاز، لە (سەرە مونەزەمەوە) بە تەواوی بەکارهێنانی غاز رابگیرێت.
هەروەها بەرگری شارستانی سلێمانی ئهوهشی خستهڕوو، ئەگەر هەستت بە بۆنی غاز کرد لە شوێنی کارکردندا، نابێت بە هیچ جۆرێک کارەبا دابگیرسێنیت، تەنانەت ئەگەر ساحیبەی هەواش ههبێت، چونکە بە داگیرساندنی ساحیبە یان تەنها گڵۆپێک دەبێتە هۆی دروستبوونی شەرارەی ئاگر و بەخێراترین شێوە کڵپەدەکات و کارەسات دروستدەکات.
باسی لەوەشکردوە، باشترین رێگە بۆ نەمانی بۆنی غاز، کردنەوەی دەرگا و پەنجەرە و هەوا گۆڕکێیە.
بڵاوکردنەوەی رێنماییەکان لەلایەن بەرگری شارستانی سلێمانییەوە دوای ئەوەدێت، ئێوارەی (17ی تشرینی دووەمی 2022) لە شاری سلێمانی، بەهۆی لێچوونی غازەوە، تەقینەوە لە خانوویەکی سێ نهۆمیدا روویدا، لە ئەنجامدا خانووەکە رووخا و 15 کەس گیانیان لەدەستدا و 12ی دیکەش برینداربوون، هەروەها شەوی رابردوو، بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە ئەنجامی لێچوونی غاز لە شاری دهۆک، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 42 کەسی دیکەش برینداربوون.