واشنتن: توركیا مافی خۆیەتی بەرگری له خۆی بکات

ئاڵای ئه‌مه‌ریكا و ئاڵای توركیا
ئاڵای ئه‌مه‌ریكا و ئاڵای توركیا

K24 – هەولێر:

له‌باره‌ی هێرشه‌كانی توركیا بۆسه‌ر رۆژئاوای كوردستان، واشنتن پاڵپشتی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، مافی خۆیەتی بەرگری له خۆی بکات.

كۆشكی سپی ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 22ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)،  بڵاویكرده‌وه‌، تورکیا رووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆر بووەتەوه و مافی خۆیەتی بەرگری له خۆی بکات.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ به‌ داعشیش داوای راگرتنی ئاڵۆزییەکانی له سووریا كرد و رایگه‌یاند، ئاڵۆزکردنی دۆخی سووریا، گیانی هاووڵاتییان و پڕۆسه‌ی رووبەڕووبوونەوەی داعش دەخەنه مەترسییەوه.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمه‌ریکا له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، هێزەکانمان لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا، مەترسییان لەسەر نەبوو.

دوێنێ خلووسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری توركیا، رایگه‌یاند، له‌ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی سوپادا، 89 ناوچه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج.

گوتیشی: 189 چه‌كداری په‌كه‌كه‌ و یه‌په‌گه‌ له‌ ئاكامی هێرشه‌كانی سوپای توركیا كوژراون.

به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی ئۆپراسیۆنه‌كانی سوپای توركیا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، داوای له‌ هاووڵاتییانی كرد، نزیكی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی عێراق نه‌كه‌ونه‌وه‌.

هێرشه‌كانی توركیا، دوای ئەوە دێت رۆژی (13ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیسقلالی شاری ئیستانبوڵ روویدا، لە ئەنجامدا شەش کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 80 کەسی دیکە برینداربوون، دوای رووداوەکە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پەکەکە و پەیەدەی بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، ئەنجامدەری تەقینەوەکەیان دەستگیرکردووە و "بڕیاری تەقینەوەکە لە کۆبانێ دراوە و ئەنجامدەرەکە لە عەفرینەوە هاتووەتە ناو خاکی تورکیا".