بوومەلەرزەیەکی بە‌هێز تورکیای هەژاند

.
.

K24 – هەولێر

بوومەلەرزەیەکی بەهێز چەند ناوچەیەکی تورکیای هەژاند 35 کەس بریندارن.

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 23/11/2022، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.1 پلە پێوەری رێختەر تورکیای هەژاند، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان 35 کەس بریندارن.

بوومەلەرزەکە شاری ئیستانبوڵ و چەند شارێکی دیکەی تورکیای هەژاندووە، ناوەندی بوومەلەرزەکە شاری دوزجە بووە.

فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی تورکیا لە تویتێکدا رایگەیاند، 35 کەس برینداربوون کە 32 کەسیان لە دوزجەن، یەکێکیان لە ئیستانبوڵ و دوو کەسەکەی دیکەش لە پارێزگاکانی بۆلو و زۆنگوڵداک.

بەپێی زانیارییەکان ژمارەیەک باڵەخانە و خانووی دوزجە زیانیان بەرکەوتووە.

تورکیا یەکێکە لە چالاکترین ناوچەکانی بوومەلەرزە لە جیهاندایە، لە مانگی یەکی ساڵی 2020دا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.8 پلەی گەرمی شاری ئێلازیگی هەژاند و زیاتر لە 40 کەس گیانیان لەدەستدا.