فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران لە سووریا کوژرا

K24 – هەولێر

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، فەرماندەیەکی باڵایان لە دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سووریا کوژراوە و پەنجەی تۆمەتی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی دەنگوباسی "تەسنیم"، سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، رۆژی دووشەممە (21ـی تشرینی دووەم) فەرماندەیەکی باڵای ئەو هێزە بە ناوی داود جەعفەری کە وەک راوێژکاری سەربازی لە سووریا چالاکی هەبووە، لە دەوروبەری شاری دیمەشق و بە هۆی تەقینەوەی مینێک کوژراوە.

سوپای پاسدارانی ئێران حکومەتی ئیسرائیل بە ئەنجامدەری ئەو کارە دەزانێ و دەڵێت، ئیسرائیل بە "سزا"ـی خۆی دەگات.

سوپای پاسدارانی ئێران لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریا لە ساڵی 2011 و بە بیانووی پاراستنی چەند مەزارگەیەکی شیعە لە وڵاتەدا و ئەرکی راوێژکاریی سوپای دیمەشق، لە چەند ناوچەیەکی سووریا جێگیربووە.

حکومەتی ئیسرائیل بوونی هێزەکانی سەر بە ئێران لە ناو سووریا و نزیک لە سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئەو وڵاتە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خۆی دەزانێت، هەر بۆیە هێرشیان دەکات سەر.