سبه‌ی مەکتەبی سیاسی پارتی بەرپرسی رێکخستنی پارێزگاکان دیاریدەکات

لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان
لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 – هەولێر

سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسی پارتی بە کوردستان24 راگەیاند، سبەی پێنجشەممە مەکتەبی سیاسی پارتی کۆدەبێتەوە و کار و بەرپرسیارەتییەکان دیاریدەکات، لەنێویاندا بەرپرسی رێکخستنی پارێزگاکان، کە پێش کۆنگرەی چواردەی ئەو حزبە ناوی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارێزگاکان بوو.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی یەکێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە هاوینەهەواری دوکان، ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکرد کە ئەوان وەک پارتی بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە ناکەن.

رۆژی 3ی تشرینی دووەم، کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو و تێیدا سەرۆک، دوو جێگری سەرۆک و 51 ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حزبە بە دەنگی ئەندامانی کۆنگرە هەڵبژێردران.

رۆژی 12ـی تشرینی دووەم، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا نۆ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردران و حەفت ئەندامی دیکەش کە پێشتر ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوون هەڵبژێردرانەوە.

رۆژی 19ـی تشرینی دووه‌م، لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتیدا، هەر یەک لە فازڵ میرانی، هۆشیار زێباری، ئازاد بەرواری، مەحموود مەحەمەد و سیداد بارزانی وەک ئەندامانی دەستەی کارگێڕی دیاریکران.