ریشی سوناك بۆ مه‌سرور بارزانی: خۆشحاڵم کە پەیوەندییە مێژووییەکەمان ئەمڕۆ لە هەر کاتێک زیاتر بەهێزترە

سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا نامه‌یه‌ك بۆ مه‌سرور بارزانی ده‌نێرێت
سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا نامه‌یه‌ك بۆ مه‌سرور بارزانی ده‌نێرێت

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، نامەیەکی لە ریشی سوناک سەرۆکوەزیرانی نوێی شانشینی یەکگرتوو پێگەیشت.

سەرۆکوەزیرانی شانشینی یەکگرتوو، لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە "شانشینی یەکگرتوو، پەیوەندییەکی دێرینی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی هەیە و خۆشحاڵم کە پەیوەندییە مێژووییەکەمان، ئەمڕۆ لە هەر کاتێک زیاتر بەهێزترە، بەها و بوارەکانی هاوکاری زۆر هاوبەشمان لەگەڵ یەک هەیە . شانشینی یەکگرتوو، پابەندە بە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوو".

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەروەها دەڵێت: "ئێمە زۆر بە بایەخەوە لە هاوئاهەنگی ئەمنیمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڕوانین و پابەندین بە کارکردن لەگەڵ ئێوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی، بۆ دڵنیابوون لەوەی بەشێوەیەکی کۆتایی، شکست بە داعش بهێنین لە عێراق و سووریا".

سەرۆکوەزیرانی شانشینی یەکگرتوو، جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا، بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان و کشتوکاڵ و بەدیجیتەڵکردن دەکاتەوە.

سەرۆک وەزیرانی شانشینی یەکگرتوو، لە کۆتایی نامەکەیدا دەڵێت: "بە خۆشحاڵییەوە بەهیوای کارکردنم لەگەڵتان لە ماوەی سەرۆکوەزیرییەکەمدا".