ئاماری تووشبوون بە کۆرۆنا بەرزدەبێتەوە

K24 – هەولێر

ژمارەیەکی پێوانەیی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین تۆمار دەکرێت و لە یەک رۆژدا زیاتر لە 31 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

دەسەڵاتدارانی کەرتی تەندروستی چین رایانگەیاند، لە رۆژی چوارشەممە 23/11/2022، 31 هەزار و 454 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان تۆمارکردووە، ئەمەش زۆرترین ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسەکەیە کە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە چین تۆمار کرابێت.

هاوکات دەسەڵاتدارانی چین بۆ رێگەگرتن لە زیاتر تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، شاری شەنگەهای و چینگچۆیان بە تەواوی کەرەنتین کردووە و رێکارەکانی خۆپارێزیشیان لە تەواوی وڵات توندکردووە.

چین بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دادەنرێت، چونکە لە ساڵی 2019 بۆ یەکەمجار ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە تۆمارکرا.