بەریتانیا: ئێران دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر هاوڕێ و هاوپەیمانەکانمان

"ئێران هەرگیز نابێت دەستی بگاتە چەکی ئەتۆمی"
ئاڵای بەریتانیا
ئاڵای بەریتانیا

K24 - هەولێر:

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەبارەت بە پەرەپێدانی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران نیگەرانە دەڵێت، "ئێران هەرگیز نابێت دەستی بگاتە چەکی ئەتۆمی".

جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، ئێران پەرە بە پرۆگرامی ئەتۆمیی دەدات و ئەوەش بەڵگەیە بۆ ئەو مەترسییەی رژێمی ئێران لەسەر ئاسایشی جیهان دروستیکردووە.

جەختیشیکردەوە، رژێمێک هاووڵاتییانی لە وڵاتەکەی بچەوسێنێتەوە، بەدڵنیاییەوە لەدەرەوەش دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر هاوڕێ و هاوپەیمانەکانمان.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەشی بەوەدا، ئێران هەرگیز نابێت دەستی بگاتە چەکی ئەتۆمی.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێران رایگەیاند، لە بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ دەستیان بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی %60 کردووە.

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە پاش گیانلەدەستدانی گوماناوی ژینا ئەمینی کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تاران لە رۆژی 17ی ئەیلوولی ئەمساڵ دەستیپێکردووە.

تۆڕی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران (هرانا) بڵاویکردەوە، لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانی ئێران تا رۆژی هەینی رابردوو (18ـی تشرینی دووەم)، لانیکەم 402 خۆپێشاندەر کوژراون.

جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا
جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا