خوشکەزای رێبەری ئێران دەستگیردەکرێت

فەریدە مورادخانی، چالاکی مافی مرۆڤ
فەریدە مورادخانی، چالاکی مافی مرۆڤ

K24 – هەولێر

فەریدە مورادخانی، خوشکەزای عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، رۆژی چوارشەممە لە شاری تاران دەستگیرکرا.

مەحمود مورادخانی، برای فەریدە مورادخانی لە هەژمای تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی تویتەر، هەواڵی دەستگیرکردنی خوشکەکەی پشتڕاستکردەوە.

فەریدە مورادخانی، چالاکی مافی مرۆڤ، رۆژی چوارشەممە 23ـی تشرینی دووەم سەردانی دادگای تارانی کردووە، بەڵام وەک براکەی لە تویتەکەیدا نووسیویەتی، "هەر لە دادگا دەستگیر و رەوانەی زیندان کراوە".

ئەو چالاکەی مافی مرۆڤ، کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دەستگیرکرا و مانگی ئایار بە کەفالەتی 10 ملیار تمەن ئازادکرا. دادگا ئەو مەرجەشی بەسەر فەریدە مورادخانیدا سەپاند کە تا لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبن و دۆسیەکەی دانەخرێت، بۆیە نییە لە پارێزگای تاران بچێتەدەرەوە.

فەریدە مورادخانی چەند مانگ پێش لە دەستگیرکردنی، کەمپینێکی بۆ پشتگیری لە بەندکراوان راگەیاندبوو.

ئەو، دوای سەردانی بنەماڵەی رامین حوسێنپەناهی، چالاکی کورد کە بە تۆمەتی "چالاکی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران" لەسێدارە درابوو، لە ئایاری 2018 دەستگیرکرا.

فەریدە مورادخانی، کچی عەلی مورادخانی ناسراو بە (شێخ عەلی تارانی)ـیە کە دوای شۆڕشی 1978ـی ئێران، بوو بە یەک لە دیارترین رەخنەگرانی کۆماری ئیسلامی ئێران.