یەکێتی لەگەڵ بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان لە کۆبوونەوەدایە

K24 - هەولێر:

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە هاوینەهەواری دوکان لەگەڵ هەندێك لە سەرکردەی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، هەریەکەبافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، سەڵاحەددین بەهائەددین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی، عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، محەمەد حاجی مەحمود سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و تارا حوسێن پارتی ئازادی کوردستان لە کۆبوونەوەکە بەشدارن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و نەوەی نوێ بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکردووە.

پێشتر یەکێتی رایگەیاندبوو، کە یەکێتی بانگهێشتی كەسی یەكەمی سەرجەم حزب و پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە بۆ كۆبوونەوە و گفتوگۆكردن لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان.

سەبارەت بە کۆبوونەوەکە، میدیای یەکێتی بڵاویکردووەتەوە: "یەکێتی دەیەوێت پەیامێک بە لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت و نیگەرانی خۆی بە سەرکردەی ئەو لایەنانە دەگەیەنێت".

هەر بە پێی میدیای یەکێتی، "تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە گفتوگۆ دەبێت لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و عێراق، یەكێتی دەیەوێت كۆدەنگی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دروستبكات بۆ چارەسەری كێشەكان بەپێی دەستوور و لەسەر بەرژەوەندی گشتی".

پارتی دیموکراتی کوردستان لەم کۆبوونەوەیەدا بەشداری ناکات، پێشتر  ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی بە کوردستان24ی راگەیاند، پارتی بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا ناکات، بەڵام بڕیار وایە پارتی و یەکێتی کۆببنەوە بێ ئەوەی وادەی کۆبوونەوەکە دیاریبکات.