نەتەوە یەکگرتووەکان: نیوەی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان لە ماڵەوە روودەدەن

"لە هەر کاتژمێرێکدا پێنج ژن لەلایەن خێزانەکانیانەوە دەکوژرێن"

K24 - هەولێر

بەپێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە نیوەی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان لە سەرانسەری جیهان لە ماڵەوە روو دەدەن، هەر بۆیە  تەنانەت ماڵەوەش شوێنێکی پارێزراو نییە بۆ ئافرەتان.

راپۆرتەکە کە وردەکارییەکانی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان لە سەر ئاستی جیهان لە ساڵی 2021 دەخاتەڕوو، باس لەوە دەکات لە هەر کاتژمێرێک پێنج ژن یان کچ لەلایەن ئەندامێکی خێزانەکانیانەوە دەکوژرێن.

نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها هۆشداری دەدات لەماوەی دەیەی رابردوودا رێژەی توندوتیژیی جێندەری دژی ژنان گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا نەهاتووە، ئەمەش کاری رێکخراو و دامەزراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ژنانی سەختتر کردووە.

لە راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەکراوە، لە %11ی ئەو ئافرەتانەی ساڵی رابردوو کوژراون، لە ماڵەوە تاوانەکەیان لەدژ ئەنجام دراوەو لە %56ی قوربانیانیش لەلایەن هاوسەر یان کەسە نزیکەکانی خۆیانەوە کوژراون.

سێرا هێندریکس، بەڕێوەبەری پرۆگرامی ژنان لە نەتەوە یکگرتووەکان دەڵێت: "کوشتنی ژنان لەسەر بنەمای جێندەری لەسەر ئاستی بەرز ماوەتەوە، هەر کاتژمێرێک پێنج ژن یان کچ لەلایەن ئەندامێکی خێزانی خۆیانەوە دەکوژرێن".

کاربەدەست و شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدەن، رێژەی توندوتییزی و کوشتنی ئافرەتان بە بەراورد لەگەڵ 10 ساڵی رابردوو بە نەگۆڕی ماوەتەوە.

دێلفینا شانز، سەرۆکی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددەی هۆشبەر و تاوان ئەوەی خستووەتەڕوو، " لەسەر ئاستی جیهان نزیکەی 81 هەزار ژن و کچ لە ساڵی 2021 کوژراون، زۆربەی ئەم تاوانانەش لەسەر بنەمای جێندەری بووە.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێشتا جیهان هەنگاوی پێویستی بۆ گۆڕینی رەوتەکە نەناوە، ئەمەش کاری رێکخراوەکانی داکۆکیکاری لە مافی ئافرەتانی سەختتر کردووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها هۆشداری دەدات، رێکخراوەکانی ژنان ئێستا لە ژینگەیەکی یەکجار ئاڵۆز کار دەکەن، کە تێیدا جۆرەها هەڕەشە لە مانەوەیان دەکرێت و مەودای کارکردنیان لە کۆمەڵگەی مەدەنی بەرتەسک بووەتەوە.