بەرپرسی لقەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دیاریدەکرێن

"دوای تەواوبوونی راسپاردەکانی کۆنگرە، دەست بە کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکەینەوە"

K24 – هەولێر:

مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رپرسی مه‌كته‌ب و به‌شه‌كان دیاریده‌كات و هه‌فته‌ی داهاتوو گۆڕانكاری له‌ به‌رپرسی لقه‌كانیش ده‌كات.

ئەمرۆ پێنجشەممە (24ـی تشرینی دووەم/نۆڤێمبه‌ری 2022)، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و بەرپرسی مەکتەب و بەشەکانی دیاریکرد. هه‌روه‌ها مەحموود محەممەد، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کورستان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو گۆڕانكاری له‌ بەرپرسی لقەکانی پارتی ده‌كرێت.

مەحموود محەممەد کە بە گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرایەوە، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە لە كۆنفراسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنەکان یاریدەدەریان دەبێت و لە داهاتوودا ئەوان لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و یەدەگەکان هەڵدەبژێردرێن". هاوکات باسی لەوەشکرد، رەنگە هەندێک گۆڕانکاری جوگرافی لە لقەکاندا بکرێت و ئەمەش لە دەسەڵاتی مەکتەبی سیاسی دایە.

گوتەبێژی پارتی لەبارەی کۆنفرانسی لقەکانەوە گوتی: هەر کات لقەکان دامەزران، ئەو کات کۆنفرانسی ناوچە و رێکخراوەکان دەکرێن.

دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان

لە کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕیار لە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان درا و سەرۆک بارزانیش دووپاتی لەوەکردەوە.

شاندی وەزاری پارتی، پێش کۆنگرەی 14، سەردانی چەند لایەنێکی سیاسی کرد و بەتایبەت لەبارەی دۆخی کوردستان و پەیوەندییان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان گفتوگۆیان کرد و رایانگەیاند، دوای تەواوبوونی کۆنگرە لەگەڵ یەکێتیش کۆدەبنەوە.

مەحموود محەممەد، سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان گوتی: بە بڕیاری کۆنگرە و جەنابی سەرۆک لاپەڕەیەکی نوێ بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنەکان هەڵدەدرێتەوە. دەبێت راسپاردەکانی کۆنگرە جێبەجێ بکرێن و دواتر دەست بە جێبەجێکردنی کارەکانی دیکە و دانوستانەکان دەکەینەوە.

بەرپرسی مەکتەبەکانی رێکخستن و بەشەکان

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرپرسانی مەکتەبەکانی رێکخستن و بەشەکان بەم شێوەیە دیاریکران:

رێبوار یەڵدا، به‌رپرسی بەشی هەڵبژاردن

هێمن هەورامی، به‌رپرسی بەشی رێکخستن

جەعفەر ئیبراهیم ئیمینكی، به‌رپرسی بەشی پەیوەندییەکان 

چنار سەعد عه‌بدوڵڵا، به‌رپرسی بەشی دیراسات و توێژینەوە

سالار عوسمان، به‌رپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندن 

زاگرۆس فەتاح، به‌رپرسی بەشی کارگێڕی و دارایی

هیوا ئه‌حمه‌د مستەفا، به‌رپرسی بەشی رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان

ئاراس حەسۆ میرخان، به‌رپرسی بەشی وەبەرهێنان

ئامینه‌ زکری، به‌رپرسی دەستەی چاودێری و بەدواداچوون

سەربەست لەزگین، به‌رپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای هەولێر

پشتیوان سادق، به‌رپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای دهۆک

عەلی حوسێن، به‌رپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای سلێمانی

نەوزاد هادی، به‌رپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای نەینەوا

کەمال کەرکوکی، به‌رپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکوک

فوئاد حوسێن، به‌رپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای بەغدا