مەسرور بارزانی و پلاسخارت جەخت لە پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەنەوە

K24 – هەولێر

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جینین هێنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبوونەوە و جەختیان لە پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان و سنووردانان بۆ بۆردومانکردن و هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان کردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی نۆڤێمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جینین هێنیس-پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی عێراق و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و گرنگیی چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور و کارنامەی وەزاری حکومەتی نوێ تاووتوێ کران.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، جەخت لە رێزگرتن و پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان و سنووردانان بۆ بۆردومانکردن و هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان کرایەوە.

.