وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بۆ کوردستان24: نیگەرانین لە هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکانی سەر خاکی هەرێمی کوردستان

"ئاگاداری ئەو مووشەکانەین کە ئاراستەی ناوچەکە کراون"
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا

K24 - هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا نیگەرانە لە هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکانی سەر خاکی هەرێمی کوردستان و ئاگاداری ئەو مووشەکانەن کە ئاراستەی ناوچەکە کراون.  

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی بۆردوومانەکانی ئێران بۆ سەر ناوچە سڤیل نشینەکانی هەرێمی کوردستان و بریندار و شەهیدبوونی هاووڵاتییانی مەدەنی گوتی: "رووسیا نیگەرانە لە هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکانی سەر خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق". 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم هەلومەرجە رێخۆشکەرە بۆ زیادبوونی گرژی لەسەر سنووری عێراق و ئێران و ناوچەکە بەگشتی، ئەمە ئاکامی سیاسەتی فراوانخوازی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا، چونکە هێزەکانی ئەمەریکا لە 2003 بێدەروەست لە یاسا نێودەوڵەتییەکان پەلاماری عێراقیان دا و داگیریان کرد، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی گرووپ و شانەی تیرۆرستی لە وڵاتەکە و لە ناوچە دوورە دەستەکانیدا، گوتیشی "ئەم گرووپانە کەڵک لە دۆخەکە وەردەگرن بۆ نانەوەی پشێوی و ئاژاوە".

سەبارەت بە هێرشەکانی سەر حزبە رۆژهەڵاتییەکان لەلایەن ئێرانەوە، ماریا زاخارۆڤا گوتی: ئێمە ئاگاداری ئەو مووشەکانەی ئێرانین کە ئاراستەی بنکەی مەشقی گرووپ و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کراون. 

لە بارەی بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و پلانی هێرشکردنە سەر باکووری خۆرهەڵاتی سووریا لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، "نیگەرانین لە رەوشی باکووری سووریا و دەبێت لایەنە ناکۆکان بگەڕێنە بۆ گفتوگۆ".