دەسەڵاتی دادوەری ئێران سکاڵا لەسەر پەرلەمانتارێکی کورد تۆماردەکات

جەلال مەحمودزادە، نوێنەری مهاباد لە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی ئێران
جەلال مەحمودزادە، نوێنەری مهاباد لە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی ئێران

K24 – هەولێر

نوێنەری مهاباد لە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی ئێران ئاشکرایکرد، بەهۆی پشتگیری لە "خەڵکی تازیەبار"ـی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ئێرانەوە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە.

جەلال مەحمودزادە، وێنەی ئەو سکاڵایەی بڵاوکردەوە کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ئێرانەوە لەسەری تۆمارکراوە و باسی لەوە کردووە، "لە رۆژانی رابردوودا چەند جارێک داواکراوم".

مەحمودزادە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسی: دەسەڵاتی دادوەری لەبری بەدواداچوون بۆ مافی خەڵکی ناڕازی و بنەماڵەی قوربانیانی رووداوەکانی ئەمدواییەی مهاباد و شارەکانی دیکە، وەک پاڵپشتی ئەو خەڵکە تازیەبارە، سکاڵای لەسەر تۆمارکردووم.

لە سکاڵاکەدا تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی رای گشتی" خراوەتە پاڵ مەحمودزادە، ئەو دەڵێت: لە هەر بارودۆخێکدا، لەلای خەڵکی بەشەڕەفی خۆم دەمێنمەوە.

جەلال مەحمودزادە، لە دەگمەن ئەو ئەندامانەی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی ئێرانە کە سەرکوتکردنی فراوانی خۆپێشاندانەکان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی سەرکۆنە و رووداوەکانی بەمیدیایی کردووە.

ئەو، پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (ئیعتیماد) گوتبووی: هێزە ئەمنییەکان لە چەند ناوچەکەی مهاباد جێگیربوونە و تەقە لە ماڵی خەڵک و دووکانەکان دەکەن.

لەو رۆژانەی رابردوودا، خۆپێشاندانی فراوان لە شاری مهاباد بەڕێوەچوو و هێزی زۆری ئەمنی لەو شارەدا جێگیرکراوە. تا ئێستا بە وردی دیار نییە چەند کەس بە هۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە لەو شارەدا کوژروان یان برینداربوونە و ئاماری گیراوانیش بەردەست نییە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەنیا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 42 خۆپێشاندەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.

سکاڵای دەسەڵاتی دادوەری ئێران لەسەر جەلال مەحمودزادە
سکاڵای دەسەڵاتی دادوەری ئێران لەسەر جەلال مەحمودزادە