مه‌حموود محه‌ممه‌د: دژی ئه‌وه‌ین ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بخرێته مه‌ترسییه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، مه‌حموود محه‌ممه‌د، له لێدوانێكی تایبه‌تیدا بۆ كوردستان24، رایگه‌یاند، چاره‌سه‌ری كێشه به رێگه‌ی سه‌ربازی ناكرێت و پێویسته كێشه‌كان به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن.
مه‌حموود محه‌ممه‌د، گوتیشی: هیچ كاتێك تانك و تۆپ و فڕۆكه و مووشه‌ك كێشه‌یان پێ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه، پێویسته به گفتوگۆ و له‌یه‌كدی تێگه‌یشتن ئه‌و كێشانه‌ی هه‌ن چاره‌سه‌ر بكرێن.
هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه رێزمان له ده‌رودراوسێ گرتووه، هه‌وڵده‌ده‌ین ئاسایشی ئه‌وان نه‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه.
گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكراشیكرد، لایه‌نه كوردییه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه، كه نابێت خاكی هه‌رێمی كوردستان بۆ هێرشكردنه سه‌ر وڵاتانی دراوسێ به‌كار بهێنرێت.
له‌و باره‌یه‌وه گوتی: داواشمان له لایه‌نه كوردییه‌كان كردووه، رێز له هه‌رێمی كوردستان بگرن و نه‌بنه كێشه بۆ هه‌رێم و بیانوو نه‌ده‌نه ده‌ست وڵاتانی دراوسێ بۆ هێرشكردنه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
دوێنێ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، به‌سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی كۆبووه‌وه و بڕیاری دا، هێزی زیاتری پاسه‌وانی سنوور ره‌وانه‌ی خاڵی سفری سنوور بكرێن، ئاسایشی سنوور كۆنترۆڵ بكرێت و رێگری له هه‌ر گرژییه‌كی ئه‌منیی بگیرێت.
سه‌باره‌ت به بڵاوه‌پێكردنی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور له ناوچه سنوورییه‌كان، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ئه‌و هێزانه هه‌ر هه‌مان ئه‌و هێزانه‌ن، كه له هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پاسه‌وانی سنوور پێكهێنراون، به‌ڵام ره‌نگه زیاتر رێكبخرێنه‌وه و ژماره‌یان زیاتر بكرێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا، گوته‌بێژی پارتی باسی له ده‌ستنیشانكردنی به‌رپرسی به‌ش و ئۆرگانه‌كانی پارتی كرد و گوتی: حاڵه‌تێكی ئاساییه كه‌سێكی خه‌ڵكی هه‌ولێر له دهۆك ئه‌ركی حزبی راپه‌ڕێنێت.
له‌و باره‌یه‌وه گوتی: پارتی دیموكراتی كوردستان حزبێكی كوردستانییه، حزبی هه‌موو شێوه‌زار و دهڤهرهكانه، هه‌ر به‌رپرسێك له كوێ بتوانێت خزمه‌ت بكات ده‌نێردرێته ئه‌وێ، جیاوازی له نێوان ناوچه‌كان ناكرێت.
هه‌روه‌ها له باره‌ی به‌شداریكردنی پارتی له كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان، كه له لایه‌ن یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه بانگهێشتی بۆ كرابوو، مه‌حموود محه‌ممه‌د گوتی: ئێمه له سه‌روبه‌ندی دوای كۆنگرهین و سه‌رقاڵی ته‌واوكردنی كاره‌كانی كۆنگره‌ی چوارده‌ی پارتین.
گوتیشی: كۆنگره راسپارده‌ی هه‌یه و دوای جێبه‌جێكردنیان ده‌چینه سه‌ر كاری ئاسایی خۆمان، هێشتا راسپارده‌كان ته‌واو نه‌بوون، ئه‌گه‌ر ته‌واو بوون ده‌ست به كۆبوونه‌وه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه.
هه‌روه‌ها باسی له په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا كرد و گوتی: ئێمه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی نوێ له‌سه‌ر كارنامه‌یه‌ك رێككه‌وتووین، كارنامه‌كه هه‌ندێك ئه‌ركی خستووه‌ته سه‌ر هه‌ردوولامان. سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سێشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه سه‌ردانی به‌غدای كرد، هه‌ر بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و پرسانه‌یه، كه له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌ن.