پوتن: پشتگیری چاره‌سه‌ری دیپلۆماتی بۆ گرژی ناوچه سنوورییه‌كانی عێراق ده‌كه‌ین
K24 – هه‌ولێر:
ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌نجامدا و هه‌ردوولا له باره‌ی سه‌قامگیری نرخی بازاری نه‌وت گفتوگۆیان كرد و پشتیوانی بۆ چاره‌سه‌ری دیپلۆماتی له باره‌ی گرژی ناوچه سنوورییه‌كانی عێراق ده‌ربڕی.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق، بڵاویكرده‌وه، ئه‌مڕۆ پوتن په‌یوه‌ندی به سوودانییه‌وه كردووه.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌كه، هه‌ردوولا باسیان له پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و مۆسكۆ كردووه. هه‌روه‌ها قسه‌یان له‌سه‌ر رێگه‌ی پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان كردووه و چه‌ند پرسێكی جێی بایه‌خی نێوان هه‌ردوولایان تاوتوێ كردووه.
ئاماژه‌ش به‌وه دراوه، سوودانیی بۆ پوتن جه‌ختیكردووه‌ته‌وه، وڵاته‌كه‌ی سووره له‌سه‌ر پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ رووسیا و له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا پشت به كراوه‌یی و هاوكاری له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان ده‌به‌ستێت.
هاوكات، له به‌رامبه‌ردا، سه‌رۆكی رووسیا، جه‌خیتكردووه‌ته‌وه، رووسیا خوازیاره گه‌شه‌ی زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا بدرێت.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقدا، هیچ ئاماژه‌یه‌ك به هه‌ریه‌ك له بابه‌ته‌كانی سه‌قامگیری بازاڕی نه‌وت و چاره‌سه‌ری دیپلۆماتی بۆ گرژیی ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌كراوه.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه، كۆشكی كرملین راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، كه زانیاری زیاتری له باره‌ی ناوه‌ڕۆكی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه خستووه‌ته‌ڕوو.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی رووسیا، له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا پوتن، كاركردن و هه‌ماهه‌نگی عێراقی له چوارچێوه‌ی رێكخراوی ئۆپك پڵه‌سدا به ئیجابی وه‌سفكردووه و رایگه‌یاندووه، ئه‌و رۆڵه‌ی عێراق ده‌یگێڕێت، ده‌سته‌به‌ری سه‌قامگیری بازاڕی جیهانیی نه‌وت ده‌كات.
هه‌روه‌ها پوتن پیرۆزبایی له سوودانی كردووه به بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی له پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ‌دا و رایگه‌یاندووه، زۆرێك له وڵاتانی خۆرئاوایی هه‌وڵده‌ده‌ن كۆت و به‌ند بخه‌نه سه‌ر نرخی نه‌وتی خاوی رووسیا.
له به‌شێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له راگه‌یه‌ندراوی كۆشكی كرملیندا هاتووه، پوتن پشتیوانی خۆی بۆ چاره‌سه‌ری دیپلۆماتی له باره‌ی ئاڵۆزی و گرژی ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕیوه.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی سه‌رۆكی رووسیا، دوای ئه‌وه دێت، له 20ـی ئه‌م مانگه‌وه، سوپای توركیا ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی له دژی بنكه و باره‌گای پارتی كرێكارانی كوردستان له ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێكردووه و ده‌یان فڕۆكه‌ی جه‌نگی و درۆن به‌شدارن له ئۆپراسیۆنه‌كه‌دا.