وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان به‌شداری له ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین فێستیڤاڵی كوردی له پۆڵه‌ندا ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵی "كوردستان ڕووخساره‌كانی ڕزگاربوون"، به سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته وارشۆی پایته‌ختی پۆڵه‌ندا.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی وارشۆ، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن باڵیۆز و ستافی باڵیۆزخانه‌ی عێراق له پۆڵه‌ندا پێشوازی لێكرا.
دواتر وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان به‌ره‌و هه‌رێمی "بیدگۆشچ" به‌ڕێكه‌وت و دوای گه‌یشتنی له لایه‌ن زیاد ڕه‌ئووف، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه پێشوازی لێكرا.

ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان بۆ پۆڵه‌ندا، به‌شداریكردنه له ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵی هونه‌ر و ڕۆشنبیری كوردستان، كه ئه‌مساڵ به درووشمی "كوردستان ڕووخساره‌كانی ڕزگاربوون" له لایه‌ن مۆزه‌خانه‌ی شاری "بیدگۆشچ"ـه‌وه و به هاوكاری نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له پۆڵه‌ندا ده‌كرێته‌وه.
فێستیڤاڵه‌كه به چاودێری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی "بیدگۆشچ" به‌ڕێوه‌ده‌چێت، نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداره له ڕێكخستنی و تێیدا زنجیریهك كاروچالاكی هونه‌ری، ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری ئه‌نجام ده‌درێن.
بڕیاره سبه‌ی هه‌ینی (25ـی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2022)، به كردنه‌وه‌ی پێشانگه‌یه‌كی شێوه‌كاری، فێستیڤاڵه‌كه ده‌ستپێبكات.
ئه‌و پێشانگه‌یه، تایبه‌ته به به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان و گه‌وره‌ترین پێشانگه‌ی هونه‌رمه‌ندانی كوردستانه، كه تا ئێستا له ئاستێكی فراواندا كرابێته‌وه.

فێستیڤاڵه كوردییه‌كه‌ی ئه‌مساڵ، چالاكییه‌كی ساڵانه‌یه و تایبه‌ته به هونه‌ری نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان.
ئه‌م فێستیڤاڵه یه‌كه‌م چالاكی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی هونه‌ری نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كانه. بڕیار وایه دوای كورد، فێستیڤاڵی هاوشێوه بۆ هونه‌ر و ڕۆشنبیری نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كانی دیكه‌ی وه‌ك باسك، كه‌ته‌لۆنی، تاتار و تبتییه‌كان رێكبخرێت.
هونه‌رمه‌ندانی كورد له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، به تایبه‌تی هونه‌رمه‌ندانی تاراوگه به‌شدارییه‌كی به‌رچاویان له فێستیڤاڵه‌كه‌دا كردووه.
مۆزه‌خانه‌ی "بیدگۆشچ"، نزیكه‌ی 1500 مه‌تر چوارگۆشه‌ی بۆ نمایشی كاره هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ندانی كورد ته‌رخانكردووه.
