عێراق و سعوودیه ههماههنگی له بواری نهوتدا دهكهن

K24 – ههولێر:
عێراق و سعوودیە جەخت لەسەر گرنگی کارکردن لە چوارچێوەی "ئۆپێک +" دەکەنەوە، شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعوودیە و هاوتا عێراقییەکەی، هایان عەبدولغەنی، لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا کە دوێنێ لە ڕیاز بەڕێوەچوو، جەختیان لە گرنگی کارکردن لە چوارچێوەی گروپی "ئۆپێک +دا کردەوە.
هەردوو وەزیرەکە لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایانگهیاند، ئەگەر پێویست بێت ئەوە رێوشوێنی دیکە دەگرنەبەر بۆ دەستەبەرکردنی هاوسەنگی و سەقامگیری نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان.
هەردوو وەزیەرەکە پابەندبوونی وڵاتەکانیان بە بڕیارەکەی ئەم دواییەی گروپی ئۆپێک پڵەس کردووەتەوە کە تا کۆتایی ساڵی 2023 درێژدەبێتەوە.
هاوپەیمانی ئۆپێک + لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی ئامانجی بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تا کۆتایی ساڵی 2023 ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی نرخی نەوت لە دەوروبەری 90 دۆلار و پاراستنی هاوخەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕوو.