پێشبینیدەکرێت پڕۆژە یاسای بودجەی 2023ی عێراق لەسەرەتای ساڵی داهاتوو بگاتە پەرلەمان

پاره‌ی عێراقی، وێنه‌: شڤان هه‌ركی
پاره‌ی عێراقی، وێنه‌: شڤان هه‌ركی

K24 – هه‌ولێر:

پێشبینیدەکرێت پڕۆژە یاسای بودجەی 2023ی عێراق، لەسەرەتای ساڵی داهاتوو بگاتە پەرلەمان، لیژنەی دارایی پێشنیاردەکات، نرخی نەوت بە 75 دۆلار بخەمڵێندرێت و حکومەتیش کار لەسەر پیشخستنی ئابووری و کەرتە جیاوازەکان بکات.

بۆ دیاریکردن و خەمڵاندنی نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 عێراق، چەند بۆچوونێکی جیاواز هەیە، یەک لەوانە پێشنیاری لیژنەی دارایی پەرلەمانە، کە پێیوایە نرخی نەوت بۆ بودجەی ساڵی 2023 بە 75 دۆلار بخەمڵێندرێت

لیژنەی دارایی له‌ پەرلەمانی عێراق پێشبینیدەکات، سەرەتای ساڵی 2023 پڕۆژەی یاسای بودجە بگاتە پەرلەمان.

عێراق ساڵانە پشت بە داهاتی نەوت بۆ پێکهێنانی بودجە و ئەو کورتهێنانەی هەیەتی ده‌به‌ستێت، ئەمساڵیش نرخی نەوت لە نێوان 75 بۆ 110 دۆلار بووە، بۆیە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پیێویستە وەزارەتی دارایی و پلاندانان جدی بن لە تەواوکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسایی بودجەی 2023 و بەپەلە بینێرن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

ئاماژە بەوەشکراوە  قەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2023ی عێراق دەگاتە 150 ترلیۆن دینار، پێشنیاریش دەکەن نرخی نەوت بە 75 دۆلار بخەمڵێندرێت.

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەروونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2023دا، جه‌خت لەسەر پاڵپشتی و پێشخستنی کەرتی تەندروستی، کارەبا، بیمەی کۆمەڵاتی و ژێرخان کراوەتەوە.

ئەگەر نرخی نەوت بە 75 دۆلار بخەمڵێندرێت لە بودجەی 2023، ئەوا داهات نەوتی دەگاتە 127 ترلیۆن دینار و داهاتی نانەوتیش دەگاتە 20 ترلیۆن دینار.

وەبەرهێنەران و بازگانان و هاووڵاتییان لە چاوەڕوانی پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکەن و دواکەوتنی کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕ و پڕۆژەکان کردووە، بەڵام بۆ مووچەی فەرمانبەران وەکو ساڵانی رابردوو یەک لەسەر دوازدە کاری پێدەکرێت.

بەشێک لە شارەزایانی ئابووری عێراق پێیانوایە، درەنگکەوتنی پەسەندکردنی پڕۆژەی بودجەی 2023، کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر سێکتەرە جیاوازەکان، بۆیە داوا لە کابینەکەی محەمەد سوودانی دەکرێت، پێویستە لەم بودجەیەدا کار لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی هەژاری و بێکاری و هەڵاوسان بکەن.

ئاماده‌كردنی: دێسكی ئابووری