بە بڕیاری ئەوقافی دهۆک مامۆستایه‌كی ئایینی لادرا

عه‌دنان كۆچه‌ر
عه‌دنان كۆچه‌ر

K24 دهۆک:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌وقافی دهۆك مامۆستایه‌كی ئایینی له‌كاره‌كه‌ی دوورده‌خاته‌وه‌ و ده‌ڵێت، دوورخرانه‌وه‌كه په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵسوكه‌وتنه‌كانی ناوبراوه‌وه‌ هه‌یه‌. 

ئه‌مڕۆ هه‌یینی 25ـی تشرینی دووه‌می 2022، جەلال عەبدوڵڵا، بەرێوبەری ئەوقافی قەزای سێمێل بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەسەر داوای ئەوقافی گشتی پارێزگای دهۆک، بریاری لادانی مەلا عەدنان کۆچەریانی دەرکردووە  و هۆکارەکەشی بو هەڵسوکەوتی مامۆستاکە گەڕاندووه‌ته‌وه‌.

بەگوێره‌ی قسەی بەڕێوبەری ئەوقافی سێمێل، هەڵسوکەوتەکانی عەدنان کۆچەر لەگەڵ بنەماکانی مامۆستای ئایینی ناگونجێ و پێشتر چەندین جار لەسەر ئەو هەڵسوکەوتانە ئاگادارکراوەتەوە، بەڵام نه‌یتوانیووه‌ كۆنتڕۆڵی خۆی بكات.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، به‌هۆکاری لادانی مامۆستاکە، ئەمڕۆ مزگەوتی کۆمەڵگه‌ی مسێریکێی سەر بە قەزای سێمێل کە مه‌لا عەدنان کۆچەر گوتاربێژی بوو، بەبێ ئامادەبوونی جێگر و گوتاربێژێکی دیكه‌، نوێژی هەینییان ئه‌نجامدا.

لەسەر ئەم پرسە، بەڕێوبەری ئەوقافی سێمێل بە کوردستان24ـی راگەیاند، مامۆستایه‌کی جێگرەوە بو شوێنی مەلا عەدنان دانرابوو، بەڵام بە هۆکاری نەخۆشکەوتنی ئەمڕۆ مزگەوتی مسێریک بەبێ مامۆستای ئایینی بوو.

پێشتر و  هەر لەم مانگەدا لەسەر خراپ بەکارهێنانی سۆشیال میدیا و لەسەر سکاڵای داواکاری گشتی سێمێل، دوو جار مەلا عەدنان کۆچەر دەستگیرکراوە.