تەرمی ئەو دوو منداڵە دۆزرایەوە کە لە سنووری کەرکووک بەهۆی لافاو خنکان

K24 – کەرکووک

دوای ئەوەی دوێنێ دوو منداڵ لە گوندی حەساری سەر بە ناحیەی شوانی سنووری پارێزگای کەرکووک بەهۆی لافاو خنکان تەرمی ئەو منداڵە دۆزرایەوە.

پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، ئەو دوو منداڵە هی خێزانێکی بە نەتەوە عەرەب بوون، خێزانەکە کە ژمارەیان 14 کەسە چوونەتە مەزرەعە، لەکاتی بارانبارین و دروستبوونی لافاو دوو منداڵیان لەناو ئاودا خنکاون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، یەکێک لە منداڵەکان تەمەنی یەک ساڵ بوو، ئەوەی دیکەشیان سێ ساڵ بوو.

پەیامنێرمان گوتیشی: "لەکاتی بارانبارین هەموو ئەندامانی خێزانەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو گیریان خواردبوو، دوو مندالەکەیان خنکان و ئەوانی دیکە لەلایەن خەڵکی گوندەکە رزگارکراون".

هاووڵاتییەکی گوندەکە بە کوردستان24ی رایگەیاند، ئەو خێزانە شارەزای ناوچەکە نین، هەر کاتێک بارانی زۆر ببارێت لەو شوێنە لافاو دروست دەبێت.

دوێنێ هەینی 25/11/2022، بەهۆی بارانبارینی زۆر و لافاو خێزانێک لە گوندی حەساری سنووری کەرکووک گیریان خواردوو، دوو لە منداڵەکانیان گیانیان لەدەستدا و 12 ئەندامی دیکەی خێزانەکەش لەلایەن هاووڵاتییانی گوندی حەسار رزگارکران.

ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر کەشناسی هۆشداری ئەوەی دابوو کە بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینە لە هەندێک ناوچە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و لافاو هەیە.