مەلا بەختیار: هەڵەیە ئازادیی دینی و مەزهەبی زەوت بکرێت

"تەنها ناکۆکی ئایدۆلۆجیمان هەیە، ئەوان دەیانەوێت دەوڵەتی ئایینی دروستبکەن، ئێمە داوادەکەین دین و دەسەڵات جیابکرێنەوە"
مەلا بەختیار - وێنە: یەرشیف
مەلا بەختیار - وێنە: یەرشیف

K24 - سلێمانی

مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری پلاتفۆرمی دابڕان رایگەیاند، هەڵەیە ئازادیی دینی و مەزهەبی زەوت بکرێت، لەبارەی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ کەسانی نا عەلمانیدا دەڵێت "ناکۆکی ئایدۆلۆجیمان هەیە، ئەوان دەیانەوێت دەوڵەتی ئایینی دروستبکەن، بەڵام ئێمە دەڵێین دین بۆ رۆحە و پێویستە لە دەسەڵات جیابکرێتەوە".

ئەمڕۆ شەممە (26ی تشرینی دووەمی 2022) لە شاری سلێمانی، حەوتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دابڕان و پێنجەمین کۆنفرانسی فێمێنیزمی رۆشنگەری بە دروشمی "ئاین بۆ تاک و دیموکراسی بۆ هەمووان" دەستی بەکارەکانی کرد و بڕیارە ماوەی دوو رۆژ بخایەنێت.

لە سەرەتای دەستپێکردنی چالاکییەکاندا، مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری پلاتفۆرمی دابڕان، گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی "لەناوەندی دابڕان، رقمان لە هیچ حزبێکی غەیرە عەلمانی نییە، هیچ حەساسێتێکمان لەگەڵیاندا نییە، بەڵکو ناکۆکی ئایدۆلۆجیمان هەیە، ئەوان دەیانەوێت دەوڵەتی ئایینی دروستبکەن، بەڵام ئێمە دەڵێین دین بۆ رۆحە و پێویستە لە دەسەڵات جیابکرێتەوە، تەنها لەوەدا جیاوازین، خۆشبەختانە هیچ کەسێکمان نەشکاندووە، هەڵمەتیشمان دژی هیچ رەمزێکی دینی نەکردووە، کێشەشی شەخسیمان لەگەڵ کەسدا نییە، بەڵام ئەوان قسە دژی ئێمە دەکەن، هەندێکیان ئازادیی ئێمەیان قبوڵ نییە و دەچنە لای بەرپرسانی یەکێتی قسەمان لەسەر دەکەن".

باسی لەوەشکرد "بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدانین، کەسێکی چەپ یان سیکۆلار یاخود رۆشنگەرێک، زاڵبێت بەسەر گۆڕەپانەکدا و ئازادی مەزهەب و دین و ئایینەکان زەوت بکات، چونکە ئەوە کارێکی مەترسیدارە، لە تەواوی دنیاش ئەو بۆچوونە شکستیهێناوە و نابێت ئەوە دووبارەبکرێتەوە، بەڵکو پێویستە لە وڵاتی ئێمە هاوسەنگی رابگیرێت، لەنێوان ئایین و رۆشنگەریدا و دیالۆگی شارستانی ئەنجام بدەین، ناشبێت یەکتر نابووت بکەین، لەم قۆناغەشدا هەر شەڕێک، لەرووی راگەیاندن یان کۆمەڵایەتی یان ئەمنی، لەنێوان سیکۆلارەکان و دژە سیکۆلارەکاندا هەبێت، ئەوا سیکۆلارەکان دەشکێن چونکە تەرازووی هێز لاسەنگە، ئەگەر سیکۆلاریش بگاتە لوتکە، هەڵەیە ئازادیی دینی و مەزهەبی زەوت بکرێت، چونکە سنووری ئازادیی لەوێدا کۆتایی دێت کە ئازادیی کەسانی دیکە دەستپێدەکات".

بەبڕوای مەلا بەختیار، یەکێک لە هۆکارەکانی بەگەڕ نەخستنی توانای کورد، ئەوەیە بیری دواکەوتوو پاک نەکراوەتەوە و نەتوانراوە بیری باش لەناو خەڵکدا گەشەی پێبدرێت، ئەو کارەش بەسەرکردە سیاسییەکان ناکرێت و دەبێت بیرمەند و رۆشنگەر و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجامی بدەن.

هەروەها مەلا بەختیار رەخنەی ئەوەشی لە نووسەر و خوێندەوارەکانی کورد گرت، ئەوەندی شەڕی دنیا و هێزە سیاسییەکان دەکەن، ئەوەندە شەڕ ناکەن بۆ بەدیهێنانی رۆشنگەری، گوتیشی "بەهۆی لاوازی رۆشنگەرییەوە، بیری توندڕەوی گەشە دەکات و کاتێک داعش دروستبوو، ژمارەیەکی زۆری لایەنگریان هەبوو، ئێستاش کە داعش کۆتایی هاتووە، بەڵام بیری داعش کۆتایی پێنەهێندراوە".

جێبەجێ نەکردنی دەستوور لە عێراق بە پلان بوو

لەبارەی دۆخی عێراق و گۆڕانکارییەکانی دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، مەلا بەختیار گوتی "ناتوانین هیچ جۆرە گرەوێکی لەسەر بکەین، هەتا شەش مانگ بۆ ساڵێک تاقی نەکرێتەوە و سەرۆک وەزیرانی عێراق، پابەندبوونی بە دەستوور نەسەلمێنێت، ناتوانین پێی بڵێین سەرۆک وەزیرانێکی باش".

ئاماژەی بەوەشدا، کە ژینگەی عێراق، بوونی گەندەڵی، هێزی چەکدار، جیاوازی نەتەوەیی و تائیفی، وادەکات سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاسانی نەتوانێت سەرکەوتووبێت.

بەبۆچوونی مەلا بەختیار "جێبەجێ نەکردنی دەستوور و ماددەی 140 بە پلان بووە، ئێستا بیانووی ئەوە هەیە لای هەندێک هێزی سیاسی، کە ئەو ماددانە، بە پەلە لە دەستووردا نووسراون، بۆیە پێویستە جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە دەستووردا بکرێت، ئێستا عێراق هاتووەتەوە سەرخۆی و جارێکی دیکە بە دەستکاریکردنی دەستوور سەرەتایەکی مەترسیدار لە نێوان کورد و عێراقدا دروست دەبێت".