هرانا: 448 خۆپێشاندەر لە ئێران کوژراون

خۆپێشاندان لە ئێران
خۆپێشاندان لە ئێران

K24 – هەولێر

چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاویکردەوە، لە خۆپێشاندانەکانی ئێران بەلانی کەمەوە 448 خۆپێشاندەر کوژراون و نزیک بە 18 هەزار کەسیش دەستگیرکراون.

بە پێی راپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی هرانا، لە 16ـی ئەیلولەوە تا 25ـی تشرینی دووەم، خۆپێشاندان لە 156 شار و شارۆچکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچووە و بەهۆی کاردانەوەی توند و تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، 448 خۆپێشاندەر و لەوانە 63 مێرمنداڵ کوژراون. هەروەها 18 هەزار و 170 خۆپێشاندەریش دەستگیرکراون.

هرانا بڵاویکردووەتەوە، لەو ماوەیدا لە 143 زانکۆ گردبوونەوە و خۆپێشاندان کراوە و 565 قوتابیش دەستگیرکراون.

ناسنامەی سێ هەزار و 234 خۆپێشاندەری دەستگیرکراو بەتەواوی بۆ چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) ئاشکرابووە، لە نێو ئەو کەسانەدا 110 منداڵ و مێرمنداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ هەیە (74 کوڕ و 36 کچ).

ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 24ـی تشرینی دووەم لەبارەی پرسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی ئێران، پێکبێت.

ئەندامانی ئەو لیژنەیە لەلایەن سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاریدەکرێن و ئەرکی ئەوان، لێکۆڵینەوە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێراندا و کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر بڕیاردەران و کەسانی کەسانی سەرکوتکار دەبێت.