لە سلێمانی سەنتەری چارەسەری جەڵتەی مێشک بە دەرمان کرایەوە

"یەکەم سەنتەرە لەسەر ئاستی عێراق و بەشێکە لە نەخۆشخانەی شار"
ساتی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ره‌كه‌
ساتی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ره‌كه‌

K24 - هه‌ولێر:

یەکەم سەنتەری چارەسەری جەڵتەی مێشک بە دەرمان، لەسەر ئاستی عێراق لە سلێمانی کرایەوە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانیش داوادەکات ئامێری قەستەرەی جەڵتەی مێشک بۆ نەخۆشخانەکە دابینبکرێت.

ئەمڕۆ شەممە (26ی تشرینی دووەمی 2022)، سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی، بەئامادەبوونی بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانی شار و بەشێك لەپزیشکانی تایبەت بەنەخۆشیەکانی مێشک و دەمار، لە نەخۆشخانەی شار یەکەم سەنتەری چارەسەری جەڵتەی مێشك بەدەرمان لەسەر ئاستی عێراق کرایەوە.

لەو سەنتەرەدا، دوای ئەوەی نەخۆش پشکنینی بۆ دەکرێت و دەردەکەوێت تووشی جەڵتەی مێشک بووە، لەلایەن پزیشك و کارمەندانی تایبەتەوە، بە دەرمان چارەسەری بۆ دەکرێت.

سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی، لەبارەی کردنەوەی سەنتەرەکەوە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی "لەوە دەچێت پرۆژەکە لەڕووی بیناوە زۆر گەورە نەبێت، بەڵام لەسەر ئاستی عێراق، یەکەم پرۆژەیە کە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتندا، بەشی چارەسەری جەڵتەی مێشک بە دەرمان بکرێتەوە، بۆیە لە ناوەڕۆک و لە خزمەتکردندا پرۆژەیەکی زۆر گەورەیە، لەم بەشە نوێیەدا شەش تەخت دابینکراوە بۆ نەخۆش، کردنەوەی ئەم بەشە بە هەوڵ و توانای پزیشکانی بەشی مێشک و دەمار بووە".

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی داوایکرد، خێرخوازان و سەرمایەداران، هاوکاری سەنتەرەکە بن بۆ دابینکردنی قەستەرەی مێشک، کە تێچووەکەی ملیۆنێک دۆلار زیاترە، بەوەش ساڵانە سەدان نەخۆش لە مردن و کەمئەندام بوون رزگاریان دەبێت، گوتیشی "دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییە بۆ هاووڵاتیانی شارەکەمان خەونێکی ئێمەیە و هیوادارین بە هەوڵی هەموو لایەک بتوانین بەدیبهێنین".