مەزڵوم عەبدی: ئەمەریکا دژی ئۆپەراسیۆنی تورکیایە

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات

K24 – هەولێر

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دووپاتیکردەوە، ئەمەریکا و ئێران دژی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.

مەزڵوم عەبدی، ئەمڕۆ (شەممە 26ـی تشرینی دووەم) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئۆنڵایندا لەبارەی هەڕەشەکانی سوپای تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان گوتی: تورکیا هێزی لەسەر سنووری کۆبانێ جێگیرکردووە و بەنیازی هێرشکردنەسەر ئەو شارۆچکەیەیە.

ئەو، سەبارەت بە هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ئەمەریکا بەرامبەر بەو هەڕەشانە دەڵێت: ئەمەریکا و ئێران دژی ئۆپەراسیۆنی تورکیان. ئێستا ئەمەریکا بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکان لەگەڵ تورکیا لە گفتوگۆدایە.

فەرماندی گشتی هێزەکانی هەسەدە لەبارەی ئەگەری رێککەوتنی حکومەتەکانی دیمەشق و ئەنقەرە لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە رایگەیاند: باوەڕ ناکەم هاوئاهەنگی لەنێوان سوپای تورکیا و سووریادا هەبێت. هیوادارین سووریا وەڵامی بۆ هەر هەڕەشەیەکی سوپای تورکیا هەبێت.

زۆربەی ئەو وڵاتانەی رۆڵیان لە گۆڕانکارییەکانی ناو سووریادا هەیە، لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی تورکیا دژ بە سووریا نین و مەزڵوم عەبدی لە وەڵامی پرسیاری کوردستان24 و ئەگەری گوێنەدانی حکومەتی ئەنقەرە بە را و بۆچوونی ئەو وڵاتانە و هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان گوتی: ئێمە دەمانەوێت کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن.  هێزەکانمان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی تورکیا ئامادەن. پێموایە ئەگەر تورکیا هەڕەشەکانی بۆ هێرش بگۆڕێت، ئەمەریکا هەڵوێستی توندتری دەبێت.