لە پۆڵەندا فێستیڤاڵی "كوردستان رووخساره‌كانی رزگاربوون" ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد

پێشانگه‌یه‌كی فراوان بۆ هونه‌رمه‌ندانی كوردستان كرایه‌وه‌
دیمه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پۆڵه‌ندا
دیمه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پۆڵه‌ندا

K24 – هه‌ولێر:

بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای شاری "بیدگۆشچ"ـى پۆڵەندا، حەمەى حەمەسەعید، وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی چالاکییەکانی فێستیڤاڵی "كوردستان ڕووخساره‌كانی ڕزگاربوون"، گەورەترین پێشانگەى شێوەکارى و هونەرى هونەرمەندانی کوردی کردەوە، كه‌ به‌ هاوكاری نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێكخراوه‌.

ئه‌و پێشانگه‌یه‌، تایبه‌ته‌ به‌ به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان و گه‌وره‌ترین پێشانگه‌ی هونه‌رمه‌ندانی كوردستانه‌، كه‌ تا ئێستا له‌ ئاستێكی فراواندا كرابێته‌وه‌ و فێستیڤاڵەکە چالاكییه‌كی ساڵانه‌یه‌ و تایبه‌ته‌ به‌ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌ بێ ده‌وڵه‌ته‌كان.

لە چوارچێوەى سەردانەکەیدا بۆ پۆڵەندا، حەمەی حەمەسەعید، وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێوارەى رۆژى هەینی (25ـى تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەرى 2022)، لە شارى "بیدگۆشچ" لە تەلار مۆزەخانەى هەرێمی " kujawsko-pomorskie" لە بەرایی چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکەدا لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەرێمەکە کۆبووەوە.

4653

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە "کویا ڤسکە پەمۆرسکی"، جێگرى سەرۆکی هەرێمەکە، "ڕافاڵ برۆسکی"، پارێزگاری بیدگۆشچ، "ئیڤۆنا ڤاشکێڤیچ"، جێگرى پارێزگار، خاتوو "مونیکە ماتۆڤسکا"، سەرۆکی ئەنجوومەنی شار،"ڤاچلاڤ کوچمە" بەڕێوبەرى مۆزەخانە، خاتوو "ماگدەلێنا" بەڕێوبەرى فەرمانگەى ڕۆشنبیرى ئامادەبوون، حەمەى حەمەسەعید، وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کورتە باسێکی لە بارەى هەرێمی کوردستان و دیدگای حکومەتی هەرێم بۆ خزمەتکردنی هونەر خستەڕوو، و ستایشى هەماهەنگی و ڕۆڵى نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، به‌ تایبه‌تی زیاد ره‌ئوف، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ وارشۆ لە سەرخستنی فێستیڤاڵەکە کرا.

دواتر پێشانگەى شێوەکارى هاوبەشى هونەرمەندانی هەرچوار پارچەى کوردستان کرایەوە، لە کردنەوەى پێشانگەکەدا لە پاڵ وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، هەریەک لە بەڕێوبەرى مۆزەخانە و پارێزگار و جێگرى سەرۆکی هەرێمەکە وتەیان پێشکەش کرد.

لە وتارەکەیدا، وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە ستایشى ڕێکخستنی فێستیڤاڵێکی هەمەڕەنگی فراوانی بۆ نەتەوەى بێ دەوڵەتی کورد کرد و سووپاسى ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە و به‌رپرسانی هەرێمەکەى کرد.

4565

لەو چوارچێوەیەدا وتی: "ئێمە گەلێکی 40 تا 50 ملیۆن کەسین، بێدەوڵەتین، دابەشکراوین بەسەر تورکیا، ئێران، عێراق و سووریادا، بۆ ماوەى نزیکەى 100 ساڵە خەبات دەکەین و بەرگرى دەکەین بۆ مانەوە و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمان. لەبەر ئەوەى بۆ ماوەیەکی زۆرە خاکەکەمان داگیرکراوە و کۆمەڵکوژی بەرامبەرمان دەکرێت، لە هەموو کەس زیاتر هەوڵدەدەین ئاشتیی و ئازادی و پێکەوەژیان بێتەدی".

هەروەها وتی: لە کوردستانی عێراقدا، هەرێمێکی دەستوورى و یاساییمان هەیە، تورکیا و ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشمان دەکەنە سەر، بە بیانووی ئەوەى هەرێمی کوردستان مەترسییان بۆ درووست دەکات، بەڵام ئەو بیانووە ڕاست نییە، ئێمە بە هیچ شێوەیەک نەبووینەتە هەڕەشە و ناشبینیە مەترسى بۆ سەر ئاسایشى هیچ وڵاتێکی دراوسێمان.

546

هەروەها تیشکی خستە سەر ستراتیژى کارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بایەخدان بە کولتوور و ڕۆشنبیرى و هونەرى نەتەوەیی و نیشتمانی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان و جەختی لەسەر ڕۆڵی هونەر لە چەسپاندنی گیانی یەکدی قبووڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و درووستکردنی پەیوەندی کولتوورى و هونەرى نێوان نەتەوەکان کردەوە.

وتیشى: "حکومەت دەیەوێت هەموو پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ئازاد بن، بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجەش، لە پەرلەمان، حکومەت، حکومەتە خۆجێیەکاندا پێکهاتەکانی سریان، ئاشووری، کلدان، ئەرمەنی و تورکمان نوێنەرایەتییان هەیە و لە وەزارەتەکەشماندا بەڕێوبەرایەتی تایبەت بە خۆیان هەیە.

حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵی "كوردستان ڕووخساره‌كانی ڕزگاربوون"، رۆژى (24ـى تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەرى 2022) به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ وارشۆی پایته‌ختی پۆڵه‌ندا و له‌ لایه‌ن زیاد ره‌ئوف، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ وارشۆ پێشوازی لێكرا.

5476