سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا كۆبوونه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له شاندێكی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا كرد و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرده‌وه.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه (26ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكى به سه‌رۆكايه‌تى كۆنگرێسمان مارك تاكانۆ كرد كه له ژماره‌يه‌ك ئه‌ندامانى كۆنگرێس و ديپلۆماتكاران پێكهاتبوو.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه ئالينا ڕۆنامۆوسكى باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له عێراق ئاماده‌ى بوو، بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و گۆڕينه‌وه‌ى زياترى شاندى نێوانيان، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسى و ئه‌منيى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و شه‌ڕى دژى داعش، تاوتوێكران.
هه‌ردوولا جه‌ختيان له گرنگيى ته‌بايى و هاريكاريى نێوان لايه‌نه عێراقييه‌كان و پشتگيريكردنى حكوومه‌تى نوێى عێراق بۆ سه‌ركه‌وتنى كارنامه‌كه‌ى و پاراستنى سه‌قامگيرى و ئاراميى سنووره‌كان و سه‌روه‌ريى عێراق كرده‌وه. هه‌روه‌ها هاوڕا بوون كه ده‌رفه‌ت هاتووه‌ته ئاراوه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ولێر و به‌غدا كێشه‌كانيان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و پێكه‌وه هاريكارى بكه‌ن.
شاندى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكى وێڕاى پێزانين و ستايش بۆ رۆڵى پێشمه‌رگه له شه‌ڕى دژى داعشدا، دووپاتيان كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌يان به بايه‌خه‌وه ده‌ڕوانێته په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پابه‌نديى ئه‌مه‌ريكايان بۆ به‌رده‌واميى هاوبه‌شيى ستراتيژى و پشتگيرى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش ده‌ربڕى.