ئەمەریکا و ئەوروپا سزای زیاتر بەسەر رووسیا دەسەپێنن

K24 - مۆسکۆ

لە دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا زنجیرەیەک سزای ئابووریان بەسەر رووسیادا سەپاندووە، ئێستا هەوڵەکانی خۆیان چڕکردووەتەوە بۆ سنوردارکردنی نرخی نەوتی رووسیا و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر کەرتی وزەی ئەو وڵاتەدا، شارەزایانی بواری نەوت و گاز دەڵێن، ئەم کارەی رۆژئاواییەکان، کێشەی زیاتر بۆ بازاڕەکانی نەوتی جیهان دروستدەکات.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هەوڵدەدەن بگەنە رێککەوتنێک بۆ سنوردارکردنی  نرخی نەوتی رووسیا، گرووپی G7 و یەکێتی ئەوروپا، گفتوگۆ دەکەن بۆ جێگیرکردنی نرخی یەک بەرمیل نەوتی رووسیا بە نزیکەی 60 دۆلاری ئەمەریکی، سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی سوتەمەنی و وزە لە مۆسکۆ باس لە بژاردەکانی رووسیا دەکات، بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە.

ڤیچیسلاڤ میشێنکە سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی شیکاری پیشەسازی سوتەمەنی و وزەی مۆسکۆ بە کوردستان24ی گوت: " یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی جی7 هەوڵدەدەن سەرچاوەی داهاتی رووسیا و کۆمپانیاکانی بنەبڕ بکەن و لە جیهان دایببڕن، دەخوازن لە 5ی دیسەمبەرەوە پڕۆژەیاسایەک بەرکار بکەن، کە چیتر نەوتی رووسیا لە بەندەرەکانی جیهانەوە نەتواندرێت لە بازاڕەکاندا ساغبکرێتەوە، ئەمەش گورزێکی دیکەیە و بەر ئابووری رووسیا دەکەوێت، بەڵام رووسیا پلان و رێگای تری هەیە بۆ هەناردە بۆ بازاڕەکانی خۆرهەڵات و باکووری ئەفریقا و وڵاتانی عەرەبی و لەو رێگەیەوە دەتوانێت سەرچاوەکانی وزە لە بازاڕدا ساغبکاتەوە".

گوتیشی: "دەستنیشانکردنی نرخ لەسەر نەوتی رووسیا کاریگەری لەسەر نەوتی وڵاتانی دیکەش دەبێت، بۆیە لەگەڵ سعوودیە و ئیمارات بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە و دەتوانن هاوکاری یەکتربن، خاڵێکی دیکە ئەوەیە، هەنوکە هیچ شوێنگرەوەیەک بۆ نەوت و گازی رووسیا پەیدا نابێت، هەر بۆیە خواست لەسەر سەرچاوەکانی وزە لە بازاڕدا زۆر دەبێت و کورتهێنان لە وزەدا لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا دروست دەبێت، بەمەش زەرەرمەندی یەکەم خۆیان دەبن نەک رووسیا".

لە ئۆکتۆبەری رابردوودا، وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک پڵەس، بڕیاریاندا هەناردەکردنی نەوت کەمبکەنەوە، ئەمە لە بەرژەوەندی رووسیا شکایەوە و ئەمەریکای نیگەران کرد، بۆیە وڵاتانی رۆژئاوا دەخوازن گورزێکی کاریگەر لە رووسیا بدەن، شارەزایان لە مۆسکۆ دەڵێن، ئەم کارەی رۆژئاواییەکان، کێشەی زیاتر بۆ بازاڕەکانی نەوتی جیهان دروستدەکات.

ئەلێنا یوریڤنا، شارەزای نەوت و گاز دەڵێت: "لە بواری نەوت و گازدا، رووسیا هەوڵەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ دروستکردنی هەماهەنگی و کاری زیاتر لەگەڵ وڵاتانی چین و هیندستان و ئێران و چەند وڵاتێکی دیکە و کۆمپانیاکانیان، بێگومان بەرهەمی ناوخۆیی و نیشتمانیمان زیاتر پەرەپێدەدەین، هەروەها کۆمپانیاکانی رووسیا هەماهەنگی و ویستیان بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمپانیای وڵاتانی دیکە هەیە و هیوامان بە کاری پێکەوەیی لە داهاتووشدا هەیە لە بواری نەوت و گازدا، چونکە پەیوەندییەکانمان لەتەک ئەم وڵاتانەدا مێژوویەکی درێژیان هەیە".

دەشڵێت: "ئێمە دەخوازین کە بەشداری ئەم وڵاتانە چالاکانە بێت و پلان و کاری داهاتوو چڕ و پڕتر دەکەین و بەهەموان دەتوانین بەرەنگاری ئاڵنگارییەکان ببینەوە و ئەم رەوشە تێدەپەڕێنین، لە ئایندەدا هەمووان ئەنجامەکەی دەبینن".

لە دوای  جەنگی نێوان مۆسکۆ و کێیڤەوە، ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا زنجیرەیەک سزای ئابووریان بەسەر رووسیادا سەپاندووە، بەڵام بەهۆی پێویستی بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا بە گازی رووسیا، تائێستا نەتوانراوە گورزی کاریگەر لە کەرتی وزەی وڵاتەکە بدەن، کە بەپێی داتاکانی وەزارەتی وزە، زیاتر لە %40 داهاتی ساڵی 2022ی رووسیا پێکدەهێنێت.