شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

ئاڵای هه‌رێمی كوردستان و عێراق
ئاڵای هه‌رێمی كوردستان و عێراق

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی عێراق سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات و له‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 27ـی تشرینی دووه‌می 2022، جووتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌  له‌سه‌ر راسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی عێراق سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات.

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حكومه‌تی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور، دۆسیەی ماددەی 140، دۆسیەی نەوت و گاز، بەشداری شایستەی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان، بابەتی ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە و بابەتەکانی دیکەی وەک پڕۆژە یاساکانی (دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی فیدراڵی و نەوت و گاز) سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، شاندەکەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە ئاوات شێخ جه‌ناب وەزیری دارایی، كه‌مال محه‌ممه‌د ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دارا ره‌شید وەزیری پلاندانان، ئومێد سه‌باح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج ره‌حیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عه‌بدولحه‌كیم خسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدێت. 

ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی عێراق دوای پێكهێنانی له‌لایه‌ن  محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، هه‌ردوولاش چه‌ندین جار جه‌ختیان له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ته‌وه‌.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سه‌ردانه‌كه‌ لەسەر راسپاردەی مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانه‌ بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان.

به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه‌ دانراوه‌،  ئەمڕۆ شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌، بۆ ئەوەی ئامادەکاریی بکرێت بۆ نووسینەوەی یاسای بودجەی ساڵی 2023.

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، پلانیان ئەوەیە لەم سەردانەیاندا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی عێراق کۆببنەوە.