ئەمەریکا بەرنامەی خوێندکارى سەرکردە رادەگەیەنێت

خوێندکارانى کوردستان دەتوانن داواکارى پێشکەش بکەن
.
.

K24 – هەولێر

حکومەتی ئەمەریکا بەرنامەی خوێندکارى سەرکردە رادەگەیەنێت و خوێندکارانى کوردستان دەتوانن داواکارى پێشکەش بکەن.

وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، حکومەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا بەرنامەی قوتابی سەرکردە (Student Leaders Program)ى بۆ ساڵی (2023- 2024) راگەیاند، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى قوتابیان و خوێندکارانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئاگادار دەکات، ئەوانیش دەتوانن داواکارى بۆ بەدەستهێنانى کورسییەکانى ئەو بەرنامەیە پێشکەش بکەن.

روونکراوەتەوە، بەرنامەی (Student Leaders Program) بەرنامەیەکی وردی سەرکردایەتییە، کە تیایدا قوتابی و خوێندکار لە وڵاتانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، بەرنامەکە ماوەی ساڵێک بەردەوام دەبێت و لە  سێ بەش پێکهاتووە، بەشى یەکەم پێش وەرزى هاوین بەڕێوەدەچێت،  بەشى دوەم لە ورزی هاوین دەبێت، هەرچى بەشى سێیەمە دوای وەرزی هاوین دەستپێدەکات.

سەبارەت بە مەرجەکان ئەوە خراوەتەڕوو، پێویستە قوتابى/ خوێندکار تەمەنی لە نیوان (20- 24) ساڵ بێت، لە هەمانکاتدا دانیشتووى یەکێک لەم وڵاتانە (عێراق، جەزائیر، بەحرەین، میسر، ئیسرائیل، ئەردەن، کوێت، لبنان، لیبیا، مەراکش، قەتەر، سووریا، تونس، بەری رۆژئاوا- غەزە، یەمەن) بێت، هاوکات پێشکەشکار دەبێت شارەزایی باشى لە زمانی ئینگلیزی هەبێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، دوا کات بۆ پێشکەشکردن لە رێکەوتى (2022/12/19)ـە.