دانوستانی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی بوودجە دەستپێدەکات

K24 – هەولێر

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و بڕیارە لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣ـی عێراق، گفتوگۆ و دانوستان بکرێت.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان٢٤ـی راگەیاند، ئەمە یەکەم سەردانە و زۆر گرنگە. قسە لەسەر بۆچوونی حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر لەبارەی ناوەڕۆکی رەشنووسی بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣ دەکرێت.

فارس عیسا، گوتیشی: یەکەم کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەغدا دەبێت.

ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی عێراق دوای پێكهێنانی له‌لایه‌ن  محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، هه‌ردوولاش چه‌ندین جار جه‌ختیان له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 27ـی تشرینی دووه‌م، جووتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حكومه‌تی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور، دۆسیەی ماددەی 140، دۆسیەی نەوت و گاز، بەشداری شایستەی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان، بابەتی ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە و بابەتەکانی دیکەی وەک پڕۆژە یاساکانی (دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی فیدراڵی و نەوت و گاز) سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات.

شاندەکەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە ئاوات شێخ جه‌ناب وەزیری دارایی، كه‌مال محه‌ممه‌د ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دارا ره‌شید وەزیری پلاندانان، ئومێد سه‌باح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج ره‌حیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عه‌بدولحه‌كیم خسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدێت.