سەرۆکی حکومەت رەزامەندی دا لەسەر خەرجکردنی زیاتر لە ملیارێک و 441 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەی ئاوی دوکان

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ره‌زامه‌ندیدا له‌سه‌ر تەرخانکردن و خەرجکردنی یەک ملیار و 441 ملیۆن و 800 ھەزار دینار، بۆ پڕۆژەی ئاوی دوکان.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (27ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، لە چوارچێوەی کار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رەزامەندیدا لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی یەک ملیار و 441 ملیۆن و 800 ھەزار دینار، بۆ پڕۆژەی ئاوی دوکان.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری رایگه‌یاندووه‌، بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وەزارەتی پلاندانان راسپێردرا تاکو کاری پێویست بکات بۆ ریزبەندکردنی پلانی پڕۆژەکانی ساڵی (2022-2023) لە چوارچێوەی بەشە بودجەی وەبەرھێنانی تەرخانکراوی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار.