پڕۆژه‌یه‌كی دانانی سیسته‌می وزه‌ی خۆر له گونده‌كانی هه‌ولێر ساڵانه 1800 تۆن گازی ژه‌هراوی كه‌مده‌كاته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
پڕۆژه‌ی دانانی وزه‌ی خۆر بۆ ژماره‌یه‌ك له بیری كشتوكاڵی و ئاوی خواردنه‌وه له سنووری ناوچه گوندنشینه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر، ساڵانه هه‌زار و 800 تۆن گازی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن كه‌مده‌كاته‌وه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (27ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، له مه‌راسیمی راگه‌یاندنی ته‌واوبوونی ئه‌و پرۆژه‌یه، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، ئه‌نجامدانی ئەم پرۆژە گرنگە خزمه‌تێكی زۆر بە جووتیار و گوندنشینەکانی هەولێر ده‌گه‌یه‌نێت، هاوکات سوودێكی زۆری هه‌یه له‌ڕووی ژینگە و پاكڕاگرتنی کەشوهەوا.
ئه‌م پرۆژه‌یه بریتییه له دابینكردنی وزه‌ی كاره‌با له‌ڕێگه‌ی سیسته‌می وزه‌ی خۆره‌وه بۆ 40 بیری ئاوی كشتوكاڵی و پێنج بیری ئاوی خواردنه‌وه، له سنووری چه‌ند گوندێكی پارێزگای هه‌ولێر.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، ستیفان شمیت دیگنهارت، بەرپرسی نووسینگه‌ی هەولێری بەرنامەی گه‌شه‌پێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNDP) بە کوردستان24 راگه‌یاند، كاریگه‌رییه ئه‌رێنییه‌كانی ئه‌م پڕۆژه‌یه زۆره بۆ ناوچه‌كه، به‌شێوه‌یه‌ك ساڵانه بڕی هه‌زار و 800 تۆن گازی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن له هه‌رێمی كوردستان كه‌مده‌كاته‌وه.
ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی دابینكردنی كاره‌با له‌ڕێگه‌ی سیسته‌می وزه‌ی خۆر كه ئێستا ده‌ستی به كاركردن كردووه، له‌رووی گرنگی ژینگه‌ییه‌وه، به‌رامبه‌ر 60 هه‌زار داره كه پێویست بوو بۆ هه‌ڵمژینی ئه‌و دووه‌م ئۆكسیده كاربۆنه‌ی له‌ڕێگه‌ی كارپێكردنی ئه‌و بیره ئاوانه به‌هۆی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با به‌هۆی گازه‌وه، ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ی پیسده‌كرد.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، دیگنهارت، سه‌ركه‌وتنی پڕۆژەکەی به "زۆر گرنگ" بۆ ژینگە و گەشەپێدانی گوندەکان وه‌سفكرد و گوتی، " جووتیاران سوودمه‌ندی سه‌ره‌كین له‌م پڕۆژه‌یه‌دا".
بەرپرسی نووسینگه‌ی هەولێری بەرنامەی گه‌شه‌پێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ كوردستان24 گوتیشی، ئەم جۆرە پڕۆژانە لەڕووی ئابووریشەوە زۆر بەسوودن بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئەگەر دابینكردنی كاره‌با له‌ڕێگه‌ی سیسته‌می وزه‌ی خۆره‌وه ببێته جێگره‌وه‌ی مۆلیدەکان کە به گاز کاردەکەن، پێشبینی ئه‌وه‌ی كرد لەماوەی تەنها حه‌وت ساڵدا، پارەی تێچووی دامه‌زراندنی پڕۆژەکە به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو به‌ده‌ستبێته‌وه.
پرۆژه‌ی دابینكردنی كاره‌با له‌ڕێگه‌ی سیسته‌می وزه‌ی خۆره‌وه بۆ بیره ئاوه‌كانی ژماره‌یه‌ك گوند له پارێزگای هه‌ولێر، به گوژمه‌ی دوو ملیۆن دۆلار له‌سه‌ر ئه‌ركی یه‌كێتی ئه‌وروپا دروستكراوه و له‌لایه‌ن به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ گه‌شه‌پێدان له عێراق، سه‌رپه‌رشتی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه كراوه.