كارلۆس كیرۆش وه‌ڵامێكی ئاگرینی یۆرگن كلینسمان ده‌داته‌وه
کارلۆس كیرۆش ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئێران، وه‌ڵامێكی توند و ئاگرینی یۆرگن کلینسمان ده‌داته‌وه، پێیوایه قسه‌كانی ئه‌و راهێنه‌ره‌ی پێشووی ئه‌ڵمانیه ره‌گه‌زپه‌رستانه‌یه و شه‌رمه‌زارییه بۆ تۆپی پێ.
كارلۆس كیرۆش راهێنه‌ری پورتوگالی هه‌ڵبژارده‌ی ئێران لە هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له تویته‌ر وه‌ڵامی تۆمه‌ته‌كانی یۆرگن كلینسمانی دایه‌وه.
لە قۆناغی دووەمی كۆمه‌ڵه‌كانی مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر، ئێران بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە وێڵزی بردەوە.
لە لێدوانەکانیدا بۆ بی بی سی، یۆرگن کلینسمان یاریزان و راهێنه‌ری پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا له باره‌ی سەرکەوتنی ئێران بەرامبەر وێڵز گوتی: بردنه‌وه‌كه‌ی ئێران زۆر سه‌رنجی رانه‌كێشام، ئەمە کلتوری ئەوانە، هەر بۆیە كیرۆش ڕاهێنەرێکی گونجاوە بۆ ئێران، ئه‌و له راهێنه‌رایه‌تیكردن لە ئەمریکای باشوور له‌گه‌ڵ كۆلۆمبیا شكستی هێنا و نه‌یتوانی هه‌ڵبژارده‌كه بگه‌یه‌نێته مۆندیال، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ میسریش به‌هه‌مان شێوه سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو."
یۆرگن كلینسمان گوتیشی: "كیرۆش جارێکی دیکە گەڕایەوە ئێران، پێشتریش لە ڕابردوودا لەگەڵیان کاری کردبوو، ئەو بابەتەش ڕێکەوت نییە، كیرۆش له‌گه‌ڵ كلتۆری ئێران زۆر گونجاوه، بۆیه هه‌ر گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌و شوێنه، ئه‌وان زۆر سه‌یر و نامۆن، یاریزانان و ستافی سه‌ر کورسی یەدەگیش هەوڵدەدەن لەگەڵ یاریدەدەری ناوبژیوان قسە بکەن، به‌رده‌وام ره‌خنه ده‌گرن بۆ ئەوەی تیپی به‌رامبه‌ر تەرکیز لەدەست بدات، ئەو بابەتەش لە زۆر کولتووری دیکەدا ڕوودەدات، وه‌كو وڵاتانی گواتیمالا، هێندۆراس و کۆستاریکا و چه‌ندان وڵاتی دیكه‌ش.
له لایه‌كی دیكه‌وه، كارلۆس كیرۆش وه‌ڵامی كلینسمانی دایه‌وه و له تویته‌ر نووسیویه‌تی: تۆ به كارلۆس ناوم دێنێت، بۆیه پێموایه كاتێكی گونجاوه منیش به یۆرگن ناوت بێنم، راسته؟، ئاستی خۆم دانابه‌زێنم، رێز له‌و كارانه ده‌گرم كه له نێو یاریگه كردوومه، لێدوانه‌كانیشت له باره‌ی كلتوری ئێران و هه‌ڵبژارده‌ی ئێران، شه‌رمه‌زارییه بۆ تۆپێ كه رێگه‌ت پێده‌دات ئاوها قسه بكه‌یت.
كیرۆش گوتیشی: كه‌س ناتوانێت زیان به ئێران بگه‌یه‌نێت، پێم خۆشه وه‌كو میوان بێیت سه‌ردانی كه‌مپی مه‌شقی هه‌ڵبژارده‌ی ئێران بكه‌یت، تا له یاریزانانی ئێران و كلتوور و هونه‌ر و شاعیرانی ئێران فێر بیت.
كیرۆش هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد كلتووری فارس پڕیه‌تی له خۆشه‌ویستی بۆ تۆپی پێ، به‌ڵام پشتگیرییه‌كی باشیان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی لێ ناكرێت.
كیرۆش ده‌شڵێت: تۆ كۆمه‌ڵێك لێدوانی ئابڕوبه‌رانه‌ت دا، هه‌وڵی تێكدانی ئێمه‌تان دا، ره‌گه‌زپه‌رستانه باسی كلتووری ئێرانت كرد، به‌ڵام ئێمه هیچ قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر كلتوور و پاشخانی ئێوه ناكه‌ین و هه‌میشه له نێو خێزانه‌كانمان دا پێشوازیتان لێ ده‌كه‌ین.
ڕاهێنەری پێشووی میسر لە کۆتایی پەیامەکەیدا گوتی: تەنیا دەمانەوێت بەدواداچوون بكه‌ین و بزانین فیفا له‌سه‌ر چی بنه‌مایه‌ك تۆی وه‌كو به‌رپرسی توێژینەوەی تەکنیکی بۆ مۆندیالی قەتەر 2022 ده‌ستنیشان كردووه، پێویسته له‌سه‌ر ئه‌م قسانه‌ت ده‌ست له‌كاربكێشیته‌وه.