جوتيار عادل: له به‌غداین بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی بۆ پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی سوودانی كراوه
K24 – هه‌ولێر:
شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا له دیداره‌كانی به‌رده‌وامه و ئه‌ندامێكی شانده‌كه‌ش ئاشكرایده‌كات، هه‌وڵده‌درێت پێش ده‌ستپێكردنی پشووی زستانه‌ی ئه‌م خوله‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2023 له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق په‌سه‌ندبكرێت.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (27ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كاتژمێر 8:00ـی كوردستان24 رایگه‌یاند، شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدان بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی پێشتر له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه سه‌ره‌كییه‌كانی عێراق بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ واژوویانكردووه.
جوتیار عادل ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سووره له‌سه‌ر گه‌یشتن به رێككه‌وتن بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و خاڵانه‌ی له كارنامه‌ی كابینه‌كه‌ی سوودانیدا رێككه‌وتنی له‌سه‌ركراوه و له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌سه‌ندكراوه، كه پشكی هه‌رێمی كوردستانیش له بودجه‌ی فیدراڵی یه‌كێكه له خاڵه‌كان.
گوته‌بێژه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه، كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به سیاسی كراوه بۆیه تاوه‌كو ئێستا له‌لایه‌ن كابینه‌كانی پێشووه‌وه رێككه‌وتن نه‌كراوه یان رێككه‌وتنكراوه و جێبه‌جێنه‌كراوه، به‌ڵام ئێستا دۆخی عێراق جیاوازه و پێویسته پێگه و رۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رچاوبگیرێت وه‌ك هه‌رێمی ده‌ستووری دانپێندراو له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه و جیهانیش، نه‌ك وه‌ك پارێزگایه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت.
زیاتر گوتی، هه‌رێمی كوردستان رۆڵی گرنگی هه‌یه له شه‌ڕی تیرۆر، سه‌قامگیری ئابووری چه‌ندین لایه‌نی دیكه، بۆیه پێویسته هه‌موو ئه‌وانه له‌به‌رچاوبگیرێت، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، سه‌قامگیری عێراق په‌یوه‌سته به سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستانه‌وه و نه‌گه‌یشتن به رێككه‌وتن له قازانجی هیچ لایه‌نێك نابێت و ده‌رئه‌نجامه‌كانیشی باش نابێت.
هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه، هه‌میشه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جددی بووه له‌سه‌ر گه‌یشتن به رێككه‌وتن به‌ڵام به‌هۆی دروستكردنی كۆسپ و به‌بازاڕكردنی سیاسی دۆسیه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نه‌وه، نه‌تواندراوه بگه‌نه رێككه‌وتنێكی ته‌واو بۆ دابینكردنی شایسته ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
له‌وباره‌یه‌شه‌وه، جوتیار عادل روونیكرده‌وه، شانده‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی دوو رۆژ له به‌غدا ده‌مێنێته‌وه و به‌رنامه‌یه‌كی تێروته‌سه‌لی بۆ گفتوگۆكانی ئاماده‌كردووه و ئه‌گه‌ر پێویست بكات ئه‌وا زیاتریش له به‌غدا ده‌مێننه‌وه.
سه‌باره‌ت به ورده‌كاری جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی، جوتیار عادل، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، له‌رووی یاسایی، ته‌كنیكی، هونه‌ری و داتاوه هیچ پاساوێك نه‌ماوه بۆئه‌وه‌ی نه‌گه‌نه رێككه‌وتن و هه‌موو داتاكانیان به چاودێری دارایی عێراق داوه و له گفتوگۆكانی ئه‌مڕۆشدا، ئاماده‌یی خۆیان نیشانداوه بۆ پێشكه‌شكردنی سه‌رجه‌م داتاكانی به هه‌ردوو وه‌زاره‌تی دارایی و پلاندانانی عێراق.
هه‌رچه‌نده گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ئه‌سته‌می دانا رێككه‌وتنێك بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ له‌سه‌ر پرسی بودجه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی بكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌گه‌ر تا كۆتایی 2023 بتوانن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوانیان به‌رده‌وامبن، ئه‌وا ده‌كرێت ئه‌و رێككه‌وتنه بكرێته بنه‌مایه‌ك بۆ ساڵه‌كانی داهاتووش.
له به‌شێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كانیدا، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ی به رۆڵی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد كه له رووی سیاسییه‌وه رۆڵی گرنگی بینیوه بۆ دروستكردنی زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار، له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتن له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌باره‌ی دۆسییه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوانیان.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، جوتیار عادل سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری دروستكردنی گرفت له‌كاتی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی 2023 له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، په‌رله‌مانتاران نوێنه‌رایه‌تی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌كه‌ن كه رێككه‌وتنیان كردووه بۆ پێكهێنانی ئه‌و حكومه‌ته، بۆیه پێویسته له‌لایه‌ن لایه‌نه‌كانیانه‌وه ئاراسته بكرێن بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی كردوویانه.
هه‌روه‌ها گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌باره‌ت به ده‌ستدرێژییه‌كانی وڵاتانی دراوسێ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرده‌وه كه به لایه‌نه عێراقییه‌كانی گه‌یاندووه، كه به پێویستی ده‌زانن سنوورێك بۆ ئه‌و هێرشانه دابنرێت و رێز له سه‌روه‌ری خاكی هه‌رێمی كوردستان و عێراق بگیرێت.