زیاتر لە 300 جووتیار و خاوەن پڕۆژە قەرزی کشتوکاڵی وەردەگرن

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

زیاتر لە 300 جوتیار و خاوەن پڕۆژە  مامەڵەی وەرگرتنی قەرزی کشتوکاڵیان پێشکەشی وەزارەت کردووە و وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: جووتیاران دەتوانن لە نزیکترین فەرمانگەی کشتوکاڵی بەپێی شوێنی جوگرافی مامەڵەکانیان پێشکەش بکەن.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، دوابەدوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەشتنی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و بانکی ئەلقرتاسی ئیسلامی بە مەبەستی پاڵپشتی و رەخساندنی دەرفەتی قەرزی بانکی بۆ جووتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵی و فێتێرنەری، بەشێوەی قیستی درێژخایەن، بە بڕی (15) ملیۆن تاوەکو (100) ملیۆن دینار لە قۆناغی یەکەم بۆ پڕۆژەی بچووک و مامناوەند، بەپێی ناوەرۆکی یاداشتەکە هەنگاوەکانی ئەم پڕۆژەیە چووەتە بواری جێبەجێکردن .

ئاماژەی بەوەشداوە، لە ماوەی دوو مانگی رابردوو تاوەکو ئێستا لەسەرجەم فەرمانگە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان (300) جووتیار و خاوەن پڕۆژە مامەڵە و داواکاریان بۆ سوودمەندن پێشکەشکردووە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری یاسایی وەزارەت کراوە، ( 100) لەو مامەڵە نێردراوە بۆ بانکی ئەلقرتاس، دوای وردبینیکردن و پشتگیری کردنی داواکارییەکان.

وەزارەتی کشتوکاڵ راشیگەیاندووە، وەرگرتنی مامەڵەکان بەردەوامە بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوبراو بە مەبەستی گەیاندنی خزمەت و دەرفەتی سوودمەند بوون بە زۆرترین جووتیار و خاوەن پڕۆژەکانی سێکتەری کشتوکاڵی، وەک هەنگاوێکی گرنگی بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری و پیشەسازی کشتوکاڵی.

 باس لەوەشکراوە، جووتیارێکی دەشتی قەراج لە قەزای مەخموور بەناوی (محەممەد شەریف) یەکەمین جووتیارە، لەسەر رووبەری پەنجا دۆنم زەوی کشتوکاڵ دەکات وەکو تاکە سەرچاوەی بژێوی ژیان بەبڕی 40 ملیۆن دینار لەو پڕۆژەیە سوودمەند بووە، بۆ دابینکردنی ئامێرەکانی راکێشانی کارەبا و  مرەشەی پلاستیکی ئاودێری و چەند پێویستەکی دیکەی کشتوکاڵی، بە مەبەستی فراوانکردنی بەرهەمهێنانی جۆرەکانی دانەوێڵە لەسەر زەوییەکەی.

وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەشی خستووەتەڕوو، جووتیاران و خاوەن بیرۆکە و پڕۆژەکانی کشتوکاڵی دەتوانن لە رێگەی نزیکترین فەرمانگەی کشتوکاڵی بەپێی شوێنی جوگرافی، مامەڵەکانیان پێشکەشی وەزارەتی کشتوکاڵ بکەن.