پڕۆژەیاسای سەربازیی زۆرەملێ رەوانەی پەرلەمان دەکرێتەوە

"پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە، پێویستی بە رێککەوتنی سیاسی هەیە"
پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر

تركی عه‌تیبی، سه‌ركرده‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رایده‌گه‌یه‌نێت، پرۆژه‌یاسای سه‌ربازی زۆره‌ملێ له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی داهاتوو پێشكه‌شی په‌رله‌مان ده‌كرێته‌وه‌.

عه‌تیبی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد‌، پێنج هۆكار هانی حكومه‌تیدا پرۆژه‌یاساكه‌ له‌ په‌رله‌مان بكشێنێته‌وه‌، گرنگترینیان چاوپێداخشاندنه‌وه‌یه‌ به‌ نۆ بڕگه‌ی گرنگ له‌پێناو باشتركردنی یاساكه‌ و نه‌هێشتنی ئه‌و دوودڵییه‌ی په‌رله‌مانتاران و فراكسیۆن و چالاكوانان بوو.

ئەو دووپاتیده‌كاته‌وه‌، پرۆژه‌یاساكه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی داهاتوو جارێکی دیکە ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێته‌وه‌ و دووباره‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێته‌وه‌ و بێگومان بۆ په‌سه‌ندكردنیشی پێویستی به‌ رێككه‌وتنی سیاسی هه‌یه‌.

ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە و جێبەجێبوونی لە هەرێمی کوردستان

لە ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە هاتووە، "هەموو تاکێکی عێراقی لە رەگەزی نێر لە تەمەنی 23 بۆ 35 ساڵ، دەبێت بە مووچەی 600 تا 700 هەزار دینار خزمەتی سەربازی بکەن، لە بەرامبەر پابەندنەبوونیش، بە زیندانیکردن یان پێبژاردن سزادەدرێن.

هەروەها هەموو ئەوانە کە نەخراونەتەبەر خوێندن و تەمەنیان لە سەرووی 23 ساڵه، دەبێت ماوەی 18 مانگ خزمەت بکەن، هەروەها دەرچووی ئامادەیی یەک ساڵ و بڕوانامەی پەیمانگا و زانکۆ نۆ مانگ، ئەوانەی ماجستێریان هەیە شەش مانگ، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆراش سێ مانگ.

لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە کە لیژنەی ناونووسکردنی سەربازی لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق پێکدەهێنردێن، هەر بۆیە مەلا کەریم حەسەن، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، پێیوایە سەربازیی زۆرەملێ هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

.

ناڕەزایەتی گەنجان

پڕۆژەیاسای سەربازی زۆرەملێ لە عێراق كاردانەوەی لێكەوتووەوە، ژمارەیەك ھاووڵاتی لە بەغدا رژانە سەر شەقامەكان و ناڕەزاییان دژی ئەم پڕۆژە یاسایە دەربڕی و رەتیانکردەوە لە خزمەتی گەنجاندا بێت.

چاودێرانی سیاسی بەپێویستی دەزانن حكومەت پڕۆژە یاساکە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان یەكلاییبكاتەوە، چونكە پڕۆژەكە تەنیا لە بەرژەوەندی ھەندێك لایەنی سیاسی دایە.

حەیدەر عیدان، یەکێکە لەو گەنجانەی بەشداری لە خۆپیشاندانەکە کردووە و بە کوردستان24ی گوت: "ئێمە ئەو یاسایە رەتدەکەینەوە، چونکە هیچ سوودی بۆ ئێمە نییە، ئێمە پێویستمان بەوەیە لە دامودەزگاکانی حکومەت دابمەزرێندرێین، نەک بە زۆر سەربازییمان پێبکەن".

زەھرا خەلەف، ژنێکی دانیشتووی بەغدایە و بەشداری لە خۆپیشاندان دژی پڕۆژەیاسای سەربازی زۆرەملێدا کردووە و دەڵێت: "چۆن منداڵەکانی ئێمە بە زۆر دەکەنە سەرباز، من تەنیا یەک کوڕم هەیە، سەدان دایکی دیکەی عێراقی وەکو من هەن و زەرەرمەند دەبن".

لەوبارەوە عەلا لامی چاودێری سیاسی، لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 گوتی: "پڕۆژەیاسای سەربازی زۆرەملێ لە عێراق کاتی نییە، چونکە عێراق هێزێکی زۆری ناوخۆ و بەرگری هەیە و شەڕیش لە عێراق نییە، پێویستە لە جیاتی ئەوە حکومەت پلانی دیکەی بۆ خزمەتکردنی گەنجان و خۆشکردنی ژیانی هاووڵاتیان هەبێت".

یاسای خزمەتی سەربازی زۆرەملێ لە ساڵی 1935ـەوە لە عێراق جێبەجێکراوە، بەڵام دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 ئەو یاسایە هەڵوەشێندرایەوە، ئێستا بەشێک لە لایەنە سیاسییە لەگەڵ ئەوەدان جارێکی دیکە یاسایەکە جێبەجێ بکرێتەوە.