سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای ژووری بازرگانیی کلدانی ئەمەریکی و دامەزراوەی کۆمەڵگەی کلدانییەکان دەکات

K24 - هەولێر 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای ژووری بازرگانیی کلدانی ئەمەریکی و دامەزراوەی کۆمەڵگەی کلدانییەکان بە سەرۆکایەتی مارتن مەننا کرد.

لەو دیدارەدا کە ئەمڕۆ (دووشەممە ٢٨ـی تشرینی دووەم) بەڕێوەچوو، سەرۆکی ژووری بازرگانیی کلدانی ئەمەریکی و کۆمەڵگەی کلدانییەکان، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکیی و پڕۆژەکانیان لە ئەمەریکا و ھەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا خستەڕوو. ئامادەیی تەواوی خۆشیان بۆ بەشداریکردنی کارا لە پرۆسەی ئاودانکردنەوە و گەشەپێدانی کوردستان نیشاندا.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە کوردستان نیشتمانیی ھەموومانە بە گشت پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکانەوە و پێویستە ھەموومان ھاوکار و یارمەتیدەر بین لە پێناو زیاتر پێشخستنی ھەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکھاتەکان.

سەرۆکی حکومەت پشتیوانیی ھەرێمی کوردستانی بۆ داخوازییە رەواکانی کریستییانەکان و پێکھاتە جیاوازەکانی دەشتی نەینەوا و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم دووپاتکردەوە و جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو ناوچانە، لە چوارچێوەی ماددەی 140 ی دەستوور کردەوە.

.
,