چۆن چیرۆک وتنەوە باشە بۆ سەلامەتی دەروونی؟

Kurd24

لەم کورتە بابەتە چاوپێخشاندنێک ئەکرێت لەسەر بابەتێک کە خاتوو باربارا فیڵد نووسیویەتی لەسەر چیرۆک وتنەوە و کاریگەری لەسەر سەلامەتی دەروونی و جەستەیی مرۆڤ.

چیرۆک وتنەوە بە گێڕانەوەی نووسراوەیی یان دەمی چیرۆک ئەوترێت. ئەم گێڕانەوەیە بۆ ئەوەیە کە بیسەر یان خوێنەر سەرگەرم و لەگەڵ ناوەڕۆکی چیرۆکەکە ئاشنا و تێکەڵی بکات. هەربۆیە چیرۆک وتنەوە فرەتر بە شێوەیەکی کات بەسەربردن، سەرگەرم بوون و سەرگەرم کردن ناسراوە لە لای زۆربەی خەڵک. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، گێڕانەوەی چیرۆک کاریگەری دیاری هەیە لەسەر سەلامەتی دەروونی و جەستەیی.

زۆربەی مرۆڤەکان، کەم یان زیاد، لە درێژی ڕۆژدا چیرۆکی ئەم و ئەو ئەگێڕنەوە و تواناییەکی سرووشتییان بۆ ئەمە هەیە. بۆ نموونە، کاتێک کە ئێمە باسی ئەوەی کە لە بازاڕ قەوماوە بۆ ماڵەوەمان باس ئەکەین، یان بۆ هاوڕێیەک باسێکی خۆشەویستی هاوڕێیەکی تر ئەگێڕینەوە، ئەوە ئێمە بگێڕی ئەو چیرۆکەین. لەم گێڕانەوە کە باسی کەسەکان و ڕووداوەکەکان و ناوەڕۆک و ورد و کردی ئەوەی قەوماوە ئەکەین، ئەوە ئێمە لە تەکنیکەکانی چیرۆک گێڕانەوە کەڵک وەرئەگرین.

بابەتەکەی خاتوو فیڵد ئاماژە بە کارەکانی خاتوو ئەنی برێوستر، پرۆفیسۆری یاریدەدر لە قوتابخانەی پزیشکی هارڤارد ده‌كات کە ڕێکخراوێکی دامەزراندووە کە یارمەتی ئەو کەسانە و خێزانانە دەکات کە گیرۆدەی ناخۆشی ژیان و نەخۆشیەکانی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە. هەروەها خواستی ئەوە کە بە  دانیشتنی ئەو کەسانە و گێڕانەوەی ئەو موعاناتەی کە پێوە گیرۆدە بوون، هاوکاری بکات لە ئاڵوگۆڕی ئەرێنی یارمەتییە دەروونییەکان. ئەو پێیوایە کە چیرۆک وتنەوە کەسەکان لەیەکدی نیزیک دەکاتەوە.

لێکۆڵینەوەکان باس لەوە ئەکەن کە لە چیرۆک وتنەوە، جۆری گێڕانەوەی ئەو چیرۆکە پەیوەندی هەیە بە سەلامەتییەوە. بەیادکردنەوەی چیرۆکەکانی تاکەکەسی و بیرکردنەوە لێیان، دەستکاری کردنی و ئەو جۆرەی کە ئێمە ئەیگێڕینەوە، ئەگەرچی بۆی هەیە کەسەکان تووشی بێزاری و بێتاقەتی دەروونی ئەکات، بەڵام لەهەمانکاتییشدا هاوکاری ئەکات کە لە گوزەری کات کاریگەری ئەرێنی لەسەر برین و دەردە جەستەیی و دەروونییەکان بێت.

پرسیار ئەوەیە کە چۆن گێڕانەوه‌ی چیرۆک کاریگەری لە سەلامەتی دەروونی و جەستەیی هەیە؟ لە چەند خاڵدا باسی ئەمە ئەکەین.

یەکەم، چیرۆک وتنەوە کاریگەری لە گوێگرتن ئەکات. کەسێک کە بە باشی گوێ ئەگرێت و تێکەڵ بە چیرۆکی کەسێکەوە ئەبێت، ڕادەی تەرکیزی زیاد ئەکات و ئەو کەسە لەگەڵ بگێڕی چیرۆک تێکەڵ ئەکات، کە ئەمە بواری پەیوندی کۆمەڵایەتی ئەو کەسە باش دەکات. پەیوندی کردنی بە شارەزاییەکی کۆمەڵایەتی بەکەڵک دەناسرێت کە دەروی هەیە لە پەیوەندییە ڕۆژانەییەکانی مرۆڤ لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەی تێیدا دەژێت.

کاریگەی دووهەمی ئەوەیە کە داوێنی خەیاڵ بەرفراوان دەکات. چیرۆک خەیاڵ ئەبات و خەیاڵیش ئەهێنێت، کە ئەمە ئەتوانێت چیرۆک و وێنە لە لای مرۆڤ درووست دەکات. خەیاڵێکی باش و چالاک ئەتوانێت کە بەرهەڵستکاری ئەو پاڵنەرانە بێتەوە کە دڵەڕواکێ و قەلەقی درووست ئەکەن.

سێهەم ئەوەیە کە هاوخەمی و هاوسۆزی درووست ئەکات. کاتێک کە بیسەر تەکی چیرۆکێک تێکەڵ بێت، مێشک هۆرمۆنێک دەڕێژێت بە ناوی ئۆکسیتۆسین کە پەیوندە بە هاوخەمییەوە. ئەم هۆرمۆنە هاوکاری دەکات کە بیسەر پەیوندەی هەستی تەکی بگێڕی چیرۆک درووست بکات.

چوارەمین کاریگەری لەسەر بیرەوەرییە. کاتێک کە مرۆڤ بە چیرۆکێک کۆیەک داتا وەرگرێت، ئەوە زیاتر مسۆگری هەیە لەوەی کە ئەو زانیارییانە ڕاگرێت، تا ئەوەی کە بە بێ گێڕانەوەیەک بێت. ئێمە ئەبینین کە لە پەیامە بازرگانییەکان کۆمپانیاکان کارکتەر ئەدەن بە ئەو کەسانەی کە بەشدارن لە پەیامە کورتە بازرگانییەکان. ئەمە ئەبێتە هۆی ئەوەی کە یاد و ناوی ئەو بەرهەمە لە لای خەڵک بمێنێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە چوونە بازاڕ بە بیریان بهێنێتەوە. ئەمە جۆرە درووست کردنی پەیوەندییەکی لەپێشدا کاربۆکراوە کە بە هاوکاری بوارەکانی دەروونناسی و پێشەسازی پەرەیان سەندووە.

پێنجەم ئەوەیە کە هەست و نەستی ئەرێنی درووست ئەکات. چۆنیەتی گێڕانەوەی چیرۆک و ئەو دیدەی کە ئێمە درووستی ئەکەین لە خۆمان کاریگەری لە مەزاج و هەستەکانی مرۆڤ هەیە. هەروەها بیستنی جۆری گێڕانەوە ئەتوانێت کە بە هەمان شێوە کاریگەری هەبێت. بۆ نموونە، لە لێکۆڵینەویەک لە یەکێک لە خەستەخانەکان لەسەر منداڵانی نەخۆش ئەنجامدراوە، ئەوە بەدەست هاتووە کە لە ئەو دانیشتنانەی کە گێڕانەوە و بیستنی چیرۆک بۆ ئەو منداڵانە بەڕێوە چووە، ڕادەی ئۆکسیتۆسینی لەشیان بەرز بووەتەوە و ڕادەی کۆرتیسۆل کە پەیوندە بە ئسترسەوە کەمی کردووە لە لایاندا. کە ئەمە کاریگەری ڕاستەوخۆی ئەو گێڕانەویە لەسەر دەروون و جەستەی نەخۆش.

شەشەم، ئەتوانێت کە هاوکاری ئەو کەسانە بکات کە دمنشایان هەیە، یان ئەو کەسانەی کە زاکیرەیان لاواز بووە. چیرۆک، چ بە بیستنی و چ بە گێڕانەوەی بێت، وەکو هونەرەکانی تر، دژی گەشەی خێرا و ڕووخێنەری نەخۆشییەکانی زاکیرە ئەوەستێتەوە. ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشی زاکیرە بوون یان لە درێژی کات بۆی هەیە لەژێر هەڕەشەیدا بن، بە چیرۆک گێڕانەوە پەیوندییان لەگەڵ کات و شوێن و زانیارییە وردەکان ئەمێنێتەوە و ڕایدەگرێت. بیرەوەریەکان زیندوو دەکاتەوە و زیاتر کەسەکان تێکەڵ بە کۆن و نوێ دەکات. ئەمە ئەتوانێت بۆ بەساڵاچووان کارایی باشی هەبێت.

هەفتەم، هاوکاری ئەکات کە جۆرە نیزیکیەکی تایبەتی لە نیوان لێکۆڵەران و خەڵک درووست بێت. بۆ نموونە ئەو کەسانەی کە کار لەسەر نەخۆشییەکان یان بوارەکانی تری زانست ئەکەن، بە گێڕانەوەی ئەوەی کە چۆن بوو و چیکرا کە ئەو دەسکەوتنە بەرهەم هات، ئەتوانێت کە خەڵک لەگەڵ خۆیان تێکەڵ بکات، کە ئەمە ئەبێتە هۆی ئەوەی کە زانست و زانیاری لە نێو خەڵك بڵاو بێتەوە. بۆ نموونە تاک یەکێک لەو پێگانەیە کە نموونەیەکی باشی ئەمەیە. زاناکان بە گێڕانەوەی ژیان وبەسەرهاتی زانستی خۆیان، خەڵك ڕادەکێشن بۆ بیستنی دەسکەوتە زانستییەکان. ئەمە کاریگەری ئەرێنییە لەسەر سەرجەم ئەو کەسانەی کە بیسەر و بینەری ئەو وتارانە ئەبن.

هەشتەم، بەسەرهاتەکان کە بوونە چیرۆک، ئەتوانن کە بە باش و خراپ کاریگەری لەسەر مرۆڤ بکەن. لێرە پرسیار ئەوەیە کە کێ بەرسەرهاتێک بە باش ئەزانێت و کێ بە خراپ؟ کەسانێک هەن کاتێک بەسەرهاتێکی خراپیان بەسەر دێت، بە ڕوانگەیەکی ئەرێنییەوە سەری ئەکەن و وانەی لێوەردەگرن. ئەمەی کە مرۆڤ بتوانێت کەڵک لە باش و خراپی چیرۆک وەرگرێت، ئەتوانێت سەلامەتی و بەرگری ئەو کەسە فراوان بکات. گێڕانەوەی باش مرۆڤ لە ژیان کردن بەردەوام ئەکات. ئەو کەسانەی کە خۆیان ئەکوژن و ئازار بە خۆیان ئەگەیەنن قوربانی گێڕانەویەکی خراپن.

خاڵی نۆهەم پەیوندە بە خاڵی پێشتر، گێڕانەوەی کەسەکان زۆر دەوری هەیە لە بونیادنانی ژیانێکی نوێ و کەسایەتی ئەو کەسە. چۆن بکرێت کە کەسێک ڕوانگەی لە خۆی، کە ئەبێتە ئەو گێڕانەویە کە هەیەتی، ئەرێنی بێت؟ ئەمە کارێکی ئاسان نییە و کەسەکان بۆی هەیە گیرۆدەی گێڕانەوه‌یەکی نەرێنی لە خۆیان و دەروورووبەریەکانیان بن کە بۆ ماوەیەکی درێژ بمێنێت. بۆی هەیە ئەسڵەن ئەو کەسە یان کەسانە نەزانن کە ئەو گێڕانەوەیە دیوی تری ئەرێنی هەیە و ئەتوانرێت بگۆڕدرێت.

قسەی کۆتایی، ئەزموونەکانی ژیان چیرۆکن بۆ گێڕانەوە. گێڕانەوە و جۆری ئەو گێڕانەوانەی کە قەوماوە بۆی هەیە کە ژیانی کەسانێک ئەرێنی بکات و بەروەرپێشی ببات، یان بە نەرێنی ڕایوەستێنێت و لە ڕابردووییدا بیهێڵێتەوە. بۆیە زۆر گرنگە ئەمە بە هەند وەربگیردرێت کە جۆری گێڕانەوەی چیرۆک یان ئەوەی کە قەوماوە ئەتوانێت کە کاریگەری لەسەر سەلامەتی جەستەیی و دەروونی مرۆڤ هەبێت. هەروەها باشە ئاگاداری ئەمە بین کە ئێمە گێڕانەوەی چیرۆکی کێ ئەبیسین و چیرۆکی خۆمان چۆن و بۆ کێی ئەگێڕینەوە.

 تکایە بۆ خوێندنی بابەتەکە بە ئینگلیزی سەردانی ئەم لینکە بکە

How Storytelling Is Good for Your Mental Health (verywellmind.com)