زانیاری له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت

K24 – هه‌ولێر:
سه‌ركرده‌ی لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كانی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت له به‌غدا كۆبوونه‌وه و چه‌ند پرسێكی تایبه‌تیان تاووتوێكرد و په‌یامنێری كوردستان24 ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئاشكراكرد.
كه‌مێك پێش ئێستا (28ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه به‌شداربووه‌كانی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت له به‌غدا كۆتاییهات و په‌یامنێری كوردستان24 ئاشكرایكرد، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌سه‌ر چوار ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی گفتوگۆیان كردووه و له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێكیش گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24، سه‌ركره‌كانی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت له كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا، به ئاماده‌بوونی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و نوێنه‌ر و سه‌ركرده‌ی لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ته، جه‌ختیان له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان كردووه‌ته‌وه له‌ماوه‌ی ساڵێكدا، هه‌روه‌ك له كارنامه‌ی په‌سه‌ندكراوی كابینه‌كه‌ی سوودانیدا ئاماژه‌ی پێكراوه.
سه‌باره‌ت به پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو پۆسته وه‌زارییه‌ی له كابینه‌كه‌ی سوودانی تاوه‌كو ئێستا به به‌تاڵی ماوه‌ته‌وه، په‌یامنێری كوردستان24،ئاشكرایكرد، پۆستی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه بۆ پارتی و پۆستی وه‌زیری ژینگه بۆ یه‌كێتی یه‌كلایی كرایه‌وه و له چه‌ند رۆژی داهاتوودا له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كاندیدانی ئه‌و دوو پۆسته سوێندی یاسایی ده‌خۆن.
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی لایه‌نه‌كانی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت، تایبه‌ت بوو به هێرشه‌كانی وڵاتانی دراوسێ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و پێشێلكردنی سه‌روه‌ری خاكی عێراق، په‌یامنێری كوردستان24 روونیكرده‌وه، له په‌راوێزی سه‌ردانه‌كه‌ی سوودانی بۆ تاران كه وابڕیاره سبه‌ی ئه‌نجامی بدات، لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت پێكهێندراوه بۆ گه‌یاندنی نیگه‌رانییه‌كانی هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به حكومه‌تی ئێران سه‌باره‌ت به پێشێلكارییه‌كانی سه‌روه‌ری و به‌زاندنی سنوور.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه كه كاتژمێرێكی خایه‌ند، لایه‌نه‌كان گفتوگۆیان له‌باره‌ی دابه‌شكردنی لیژنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقییان كردووه كه له 25 لیژنه‌ی هه‌میشه‌یی پێكهاتووه و تاوه‌كو ئێستا رێككه‌وتنی سیاسی نه‌كرابوو بۆ دابه‌شكردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و لیژنانه له‌نێوان لایه‌نه‌كان.