هه‌سه‌ده‌: هیچ مەرجێکی تورکیا لەڕێگەی رووسیاوه به ئێمه نەگەیەندراوه

هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌
هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌

K24 – هه‌ولێر:

سەرچاوەیەکی ئاگادار له هەسەده به کوردستان24ـی راگەیاند، هیچ مەرجێکی تورکیا لەڕێگەی رووسیاوه به ئێمه نەگەیەندراوه.

سەرچاوەکه گوتی، رووسیا نێوەندگیری لەنێوان هەسەده و تورکیا نەکردووه، هەرچەندە پرسی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی رۆژئاوا لەگەڵ رووسیا تاووتوێ دەکرێت، بەڵام هیچ رۆڵێکی نێوەندگیری نییه.

پێشتریش مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگه‌یاندبوو، ئەمەریکا و ئێران دژی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.

مەزڵوم عەبدی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبوو، تورکیا هێزی لەسەر سنووری کۆبانێ جێگیرکردووە و بەنیازی هێرشکردنەسەر ئەو شارۆچکەیەیە.

ئەو، سەبارەت بە هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ئەمەریکا بەرامبەر بەو هەڕەشانە روونیكردبووه‌وه‌، ئەمەریکا و ئێران دژی ئۆپەراسیۆنی تورکیان. ئێستا ئەمەریکا بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکان لەگەڵ تورکیا لە گفتوگۆدایە.

زۆربەی ئەو وڵاتانەی رۆڵیان لە گۆڕانکارییەکانی ناو سووریادا هەیە، لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی تورکیا دژ بە سووریا نین و مەزڵوم عەبدی لە وەڵامی پرسیاری کوردستان24 و ئەگەری گوێنەدانی حکومەتی ئەنقەرە بە را و بۆچوونی ئەو وڵاتانە و هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان گوتی: ئێمە دەمانەوێت کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن.  هێزەکانمان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی تورکیا ئامادەن. پێموایە ئەگەر تورکیا هەڕەشەکانی بۆ هێرش بگۆڕێت، ئەمەریکا هەڵوێستی توندتری دەبێت.