یاریدەدەری سەرۆک کۆماری ئێران: دژی ئازادیی باڵاپۆشی و ریفراندۆمین

محەمەد دێهقان یاریدەدەری یاسایی سەرۆککۆماری ئێران
محەمەد دێهقان یاریدەدەری یاسایی سەرۆککۆماری ئێران

K24 – هەولێر

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی خۆپێشاندانەکانی ئێران، محەمەد دێهقان یاریدەدەری یاسایی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، ئازادیی باڵاپۆشی و گۆڕینی کۆماری ئیسلامی لە رێگەی ریفراندۆمەوە، بە کارێکی ئەستەم دەزانێت.

میدیاکانی ئێران لەسەر زاری محەمەد دێهقان بڵاویانکردەوە، "راپرسی لەبارەی کۆماری یان ئیسلامی نەبوونی دەسەڵاتی ئێستای ئێران و گۆڕینی کۆماری ئیسلامی، کارێکی نامومکینە و لە دەستووری هەمیشەیی ئێراندا رێگە بەو کارە نەدراوە."

لە چەند رۆژی رابردوودا، چەند کەسایەتییەکی دیاری ئێران و خۆپێشاندەران داوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆمیان لەسەر چەند پرسێکی ئەو وڵاتە کردووە، بەڵام بەرپرسانی حکومی و پەرلەمانتاران کاردانەوە و وەڵامی ئەرێنیان بەرامبەر بەو داوایە نەبووە.

یاریدەدەری یاسایی سەرۆککۆماری ئێران، دەڵێت: لە کاتی ئاڵۆزییەکاندا کە دوژمنان چاویان لە هەندێ شت بڕیوە، باسکردنی هەندێ پرس لە بەرژەوەندی وڵاتدا نییە.

ماوەی زیاتر لە ٧٠ رۆژە خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران بەردەوامە. بەشێک لە خۆپێشاندەران داوای چەند گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دەکەن و یەک لەوانە نەمانی باڵاپۆشی زۆرەملێیە.

پێشتر بەشێکی زۆر لە مامۆستایانی ئایینی رۆژهەڵاتی کوردستان و مەولەوی عەبدولحەمید وتاربێژی نوێژی هەینیی زاهیدان، داوایان کردبوو بەچاودێری چاودێرانی نێودەوڵەتی، ریفراندۆم لە ئێران بەڕێوەبچێت.

پێشتریش حەسەن روحانی سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئێران، داوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی کردبوو، بەڵام مەجلیسی شووڕای ئیسلامی ئێران و عەلی خامنەیی رێبەری ئەو وڵاتە، دژی پێشنیارەکە وەستانەوە.