مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگری هۆڵەندا کۆدەبێتەوە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە 29ی نۆڤێمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کایسا ئۆلۆنگریەن وەزیری بەرگری شانشینی هۆڵەندا کرد.
وەزیری بەرگری هۆڵەندا، ئاماژەی بەوەکرد کە پەیوەندییەکی دۆستانەی بەهێز لەنێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان هەیە و بەردەوامبوونی هاریکاریی و هاوئاهەنگیی ئەمنی و سەربازی و پشتگیریکردنی پێشمەرگە لەلایەن وڵاتەکەی دووپاتکردەوە.
سەرۆکی حکومەت سوپاسیی پشتیوانی شانشینی هۆڵەندای کرد کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەردەوامە لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان . هەروەها پێزانینی بۆ هۆڵەندا هەبوو کە یەکێکە لەو وڵاتانەی پشتیوانی پلان و کارنامەی کابینەی نۆیەمە، لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان. هەردوولا وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرش و پەلامارەکانی سەر هەرێمی کوردستان، جەختیان لە پێویستیی ڕێزگرتن و پاراستنی سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆتاییهاتنی هێرش و دەستدرێژییەکان کردەوە. سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە فاکتەری ئاسایش و سەقامگیریی دەبێت لە ناوچەکە و خوازیاری پەیوەندی دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە سەر بنەمای دراوسێیتی باش و رێز لە یەکترگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش.
بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی كۆبوونەوەکە بوو. 

.
.