سوودانی لە ئێران: تێگەیشتنی هاوبەشمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە

K24 – هەولێر
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، رایگەیاند، "عێراق و ئێران تێگەیشتنی هاوبەشیان بۆ چارەکردنی کێشەکان هەیە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ (سێشەممە ٢٩ـی تشرینی دووەم) بە سەرۆکایەتی شاندیکی باڵای حکومەتەکەی سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا (بەبێ بوونی پرسیاری رۆژنامەنووسان) باسیان لە بەرنامەی دیدار و کۆبوونەوەکانیان کرد.
وەک سوودانی باسی لێکرد، لەو سەردانەدا دۆسیەکانی سیاسی، ئابووری و ئەمنی و گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان گفتوگۆیان لەبارەیەوە دەکرێت.
میدیاکانی ئێران و عێراق چەند رۆژە گرنگییەکی زۆریان بەو سەردانەی سوودانی بۆ تاران داوە و پرسی ئاسایش و هێرشەکانی ئەمدواییەی سوپای پاسداران بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەریمی کوردستان، تەوەری سەرەکیی رووماڵە میدیاییەکان بووە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاسایشی وڵاتەکەی و ئێرانی بە "تەواوکاری ئاسایشی دوو وڵات و ناوچەکە" وەسفکرد و گوتی: پابەندین بە جێبەجێکردنی دەستوور و ئەوەی لە خاکی عێراقەوە ئاسایشی هیچ لایەنیکی دیکە نەکەوێتە مەترسییەوە. سیاسەتی ئێمە ئەوەیە، رێزی دوو لایەنە هەبێت و دەسوەردان لە کارباری یەکتر نەکەین. بێگومان گفتوگۆ باشترین رێگەی چارەکردنی کێشەکانە و لەوبارەیەشەوە تێگەیشتنی هاوبەشمان هەیە".
پێشێلکردنی سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. حکومەتی بەغدا ئەو هێرشانەی سەرکۆنەکرد و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دووپاتیکردەوە، هیچ بیانوویەک بۆ ئەو هێرشانە نییە.
ئیبراهیم رەئیسی بەبێ ئاماژەدان بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، گوتی: لە روانگەی ئیمەوە ئاسایشی ناوچەکە زۆر گرنگە. رووبەڕووبوونەوەی گرووپە تێرۆریستییەکان، تاوانی رێکخراو، ماددەی هۆشبەر و هەر مەترسییەک لەسەر ئاسایش، بەشێکە لە رێکەوتنی نێوان هەر دوو وڵات.
رەئیسی هیوای خواست پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوان ئێران و عێراق زیاتر بێت.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام دووپاتی لە دەرچوونی "هێزی بێگانە" لە عێراق کردووەتەوە و ئەمڕۆ جارێکی دیکە سەرۆککۆماری ئێران لەوبارەیەوە رایگەیاند: بوونی بێگانەکان لەو ناوچەیەدا بە هێچ شێوەیەک سەقامگیری لێناکەوێتەوە، بەڵکوو هۆکاری زیاکردنی کێشەکانمانە. هەر وەک چۆن بوونی ئەمەریکییەکان لە ئەفغانستان و عێراق سەقامگیری لێنەکەوتەوە، لە شوێنەکانی دیکەی ناوچەکەش هەر بەو شێوەیە دەبێت. بێگوومان دەرچوونی ئەوان لە ناوچەکە، یارمەتییەکی زۆر بە سەقامگیریی ناوچەکە دەدات.